Betül Yürük
18 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 19 ئەیلوول 2022
نەتەوە یەکگرتووەکان - AA
لە دوای پەتای کۆرۆنا بۆ یەکەم جار لووتکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بەشێوەی رووبەڕوو، ئەنجام دەدرێت، جەنگی رووسیا-ئۆکراینا، قەیرانی نێودەوڵەتی وزە، ئاسایشی خۆراک، ئاسایشی ئەتۆمی، قەیرانی ئاووهەوا و بابەتە گرنگەکانی دیکەی جیهان و ناوچەکە، رۆژەڤی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبن.
هەموو ساڵێک لە رۆژی سێشەممەی هەفتەی سێیەمی مانگی ئەیلوولدا، کۆبوونەوەی لووتکەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بارەگای سەرەکی رێکخراوەکە لە شاری نیویۆرک ساز دەکرێت و سەرۆک و وەزیرانی ١٩٣ وڵاتی جیهان لەگەڵ چەندین شاند و نوێنەرانی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی تیایدا ئامادە دەبن.
بەهۆی پەتای کۆرۆنا لە ٢٠٢٠ و ٢٠٢١دا، نەتوانرا لووتکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بەشێوەی رووبەڕوو، ئەنجام بدرێت، بەڵام دوای دووساڵ ئەمساڵ ٧٧مین لووتکەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە بەشداری زیاتر لە ١٠٠ سەرۆکی وڵات و زیاتر لە ٥٠ سەرۆکی حکوومەت و وەزیر لە شاری نیویۆرک بەڕێوەدەچێت.
سیاسەتمەداری هەنگاریایی، چابا کورۆشی سەرۆکایەتی لووتکەی ئەم جارە دەکات، هەروەها سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان وەک نوێنەری تورکیا، بەشدار دەبێت، بەڵام هەریەکە لە سەرۆکی چین، شی جین پینگ و سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پۆتین، بەشداری کۆبوونەوەکانی لووتکەکە ناکەن.
مژاری سەرەکی کۆبوونەوەکە جەنگی رووسیا-ئۆکراینا، دەبێت و لەپاڵ ئەویشدا رۆژەڤە جیهانییە گرنگەکانی وەک قەیرانی نیودەوڵەتی وزە، ئاسایشی خۆراک، ئاسایشی وزەی ئەتۆمی، قەیرانی ئاووهەوا، رەوشی ئەفغانستان و چەند پرسێکی دیکەی ناوچەکە و جیهان، تاوتوێ دەکرێن.
- نەریتی دەسپێکی یەکەم گوتاری لووتکەکە لەلایەن بەڕازیلەوە بەردەوام دەبێت
هەرچەندە لەڕووی ئەلفبێوە بەڕازیل لە ریزبەندی یەکەمدا نییە، بەڵام لە ساڵی ١٩٤٧ەوە تا ئێستا یەکەم گوتاری لووتکەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەلایەن سەرۆکی ئەو وڵاتەوە پێشکەش دەکرێت.
ئەمەش دوای ئەوە هات کە لە ساڵانی سەرەتای دامەزرانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، لەبەر ئەوەی هیچ وڵاتێک نەیدەویست گوتاری سەرەتا پێشکەش بکات، بەڕازیل وەک خۆبەخش ئەم ئەرکەی گرتە ئەستۆ، بەم شێوەیەش پێشکەشکردنی گوتاری دەستپێک لەلایەن بەڕازیلەوە بووە نەریت.
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن لە ١٩ی ئەیلوولدا لە شاری لەندەن بەشداری رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی شازادە ئەلیزابێسی دووەم دەکات و بەو هۆیەوە رۆژی ٢١ی ئەیلوول گوتاری خۆی لە لووتکەی نەتەوە یەکگرتووەکان، پێشکەش دەکات.
هەرچەندە رووسیا، ناڕەزایی دەربڕی لەسەر بەشداریکردنی سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی لە رێی ڤیدیۆ کۆنفڕانسەوە، بەڵام کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ١٠١ دەنگی "بەڵێ" بەرامبەر حەوت دەنگی "نەخێر" و ١٩ دەنگی "بێلایەن"، بەشداریکردنی زێلێنسکی لە لووتکەکەدا پەسەند کرد.
لە لایەکی دیکەشەوە دوای ئەوەی لە ١٥ی ئابی ٢٠٢١دا، بزووتنەوەی تاڵیبان تەواوی ئەفغانستانی کۆنترۆڵ کرد و دەسەڵاتی لەو وڵاتەی گرتە دەست، لەمساڵدا ئەفغانستان نوێنەری لە لووتکەکەدا نییە و تا ئێستاش کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی دەسەڵاتی تاڵیبانی بە فەرمی نەناساندووە.