Muhammet Kurşun,Mohammed Baqi Hussein,Muhammet Ali Kemal
09 نیسان 2019•نوێکردنەوە: 16 نیسان 2019
تاران - AA
سەركردەی ئاینیی ئێران عەلی خامنەیی رایگەیاند، ئەمریكا هەوڵی رێگرانە دژی سوپای پاسدارانی ئێران دەدات، بەڵام سەركەوتوو نەبووە.
بەپێی راگەیەنراوێكی ئۆفیسی خامنەیی، ناوبراو لەگەڵ ئەندامانی سوپای پاسداران و كەسوكاریاندا كۆبووەتەوە و لەگوتارێكدا، تۆماركردنی سوپای پاسدارانی لە لیستی رێكخراوە تیرۆريستییە بیانییەكاندا لەلایەن سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپەوە هەڵسەنگاند.
خامنەیی رایگەیاندووە، سوپای پاسداران لەبەرگریكردن لە وڵاتدا لەڕیزی پێشەوەیە و دوژمنایەتیكردنی لەلایەن ئەمریكاوە لەمەوە سەرچاوەی گرتووە و حكوومەتی واشنتۆن و دوژمنانی دیكە، ماوەی 40 ساڵە بەشێوازی جۆراوجۆر فشار دەخەنە سەر ئێران، بەڵام تیایدا سەركەوتوو نەبوون.
خامنەیی هەروەها باسی لەوە كردووە كە سوپای پاسداران لەپێناو پارێزگاریكردن لە سنوورەكانی ئێران و مەزاری سەیدە زەینەب لە سووریا دەجەنگن و، گوتوویەتی، "ئەمریكا لە رێگای سوپای پاسدارانەوە پیلان دژی ئێران دادەڕێژێت، بەڵام ناگات بە ئامانجەكانی. دوژمنانی ئێران وەكو ترەمپ و گەمژەكانی نێو سیستەمی دەسەڵاتی ئەمریكا، بەرەو شكست و داڕمان دەڕوات".
خامنەیی داکۆکی لەوەکردووە کە شۆڕشی ئێران زیاتر پێشدەکەوێت و رایگەیاندووە: "بەپێچەوانی بۆچوونی دوژمنەکانییەوە، ئێران هێزی خۆی لە بۆمبە ئەتۆمییەکان وەرناگرێت. چونکە ئێمە هەر لە سەرەتاوە جەختمان لەوەکردەوە کە چەکە ناوەکییەکان دژی ئایینەکەی ئێمەن و پێویستمان پێیان نییە. هێزی ئێران لە چاوی جیهانی ئیسلامییەوە لە بەرەنگاریی، گیانبازیی و داناییدایە".
- ئەمریکا سوپای پاسدارانی خستە لیستی تیرۆرەوە
دوێنێ سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ ئاشکرایکرد کە سوپای پاسدارانی ئێرانی خستووەتە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییە بیانییەکانی وڵاتەکەیەوە.
لە راگەیانراوێکیشدا کە لەلایەن کۆشکی سپییەوە بەناوی دۆناڵد ترەمپەوە بڵاوکرایەوە، هاتبوو "سوپای پاسدارانی ئێران ئامرازی سەرەکی دەستی حکوومەتی ئێرانە بۆ ئاراستەکردن و جێبەجێکردنی تیرۆریزمی گەردوونی".
لەبەرامبەریشدا ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، فەرماندەیی هێزە ناوەندییەکانی ئەمریکا (CENTCOM)ی خستبوویە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکانی وڵاتەکەیەوە.