Mustafa Deveci
23 حوزەیران 2025•نوێکردنەوە: 24 حوزەیران 2025
ئەنقەرە - AA
لە نزیک شاری خوڕەمئاباد لە ڕۆژئاوای ئێران، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیلی خرایەخوارەوە.
لە هەواڵێکدا کە لە ڕاگەیاندنەکانی ئێراندا بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەی خراوەتەخوارەوە، لە جۆری هێرمێس ٩٠٠ی سوپای ئیسرائیلە.
باس لەوە کرا کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە کاتەکانی بەیانی زوو لە نزیک شاری خوڕەمئاباد لە ڕۆژئاوای ئێران خراوەتە خوارەوە.
لە لایەکی دیکەوە، سوپای ئیسرائیل لە ڕاگەیاندراوێکیدا تێکشکاندنی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی لە ئێران پشتڕاست کردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا زانیاری لەبارەی جۆری فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە و شوێنی تێکشکاندنەکە نەخراوەتەڕوو، ئاماژە بەوەیش کراوە کە هیچ مەترسییەکی دزەکردنی زانیاری نییە.
ئێران هەفتەی ڕابردووش فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیلی لە ڕۆژهەڵاتی پارێزگای ئەسفەهان خستەخوارەوە.