Bayram Altuğ,Muhammed Yusuf,Ömer Faruk Yıldız
19 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 19 تشرینی یەکەم 2021
جنێڤ - AA
دووەمین رۆژی کۆبوونەوەکانی خولی شەشەمی لیژنەی دەستووری سووریا لە نووسینگەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری جنێڤ بە سەرۆکایەتی نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پرسی سووریا، گێیر ئۆتۆ پێدەرسن دەستی پێ کرد.
ئەندامانی "گرووپی بچووک" کە بەرپرسن لە نووسینەوەی دەستوور و پێکهاتووە لە نوێنەرانی رژێمی ئەسەد، رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنیی و ئۆپۆزسیۆنی سووریا و هەریەکەیان بە ١٥ ئەندام بەشدارن تیایدا، دوێنێ لە کۆبوونەوەکاندا یەک دانیشتنیان ئەنجام دا.
لەو کۆبوونەوانەدا کە بە سەرۆکایەتی نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پرسی سووریا، گێیر ئۆتۆ پێدەرسن بەڕێوەدەچێت، دوو دانیشتن سازدەکرێت، ئەوانەش ئەمڕۆ لە کاتەکانی بەیانی و دوای نیوەڕۆدا.
کارنامەی سەرەکی خولی شەشەمی کۆبوونەوەکان بە "داڕشتنی دەستووری نوێی سووریا" دیاریی کراوە.
نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پرسی سووریا، گێیر ئۆتۆ پێدەرسن رۆژی یەکشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند ''ئەو دوو هاوسەرۆکە ئێستا نەک تەنیا لەسەر داڕشتنی چاکسازی دەستووریی، بەڵکو لەسەر داڕشتنی دەستوور کۆکن. لە راستییدا ئەوەی بۆ ئەم هەفتەیە نوێیە ئەوەیە کە ئێمە دەستمان کردووە بە پرۆسەی داڕشتنی دەستوورێک بۆ چاکسازی دەستووریی لە سووریا''.
خولی شەشەمی لیژنەی دەستووری سووریا رۆژی هەیینی کۆتایی دێت.