Mehmet Nuri Uçar,Mücahit Aydemir
19 حوزەیران 2023•نوێکردنەوە: 19 حوزەیران 2023
جەنین – AA
دوای تێپەڕینی چەندین ساڵ هێزەکانی ئیسرائیل بە هەلیکۆپتەری جۆری "Apache" شاری جەنین لە کەناری رۆژئاوای داگیرکراویان مووشەکباران کرد.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوە خۆجێیەکانەوە وەگیراون هەلیکۆپتەرێکی سەربازیی سوپای ئیسرائیل مووشەکی ئاراستەی ژمارەیەک خاڵ لە جەنین کردووە.
سوپای ئیسرائیل لای خۆیەوە رایگەیاندووە: "هەلیکۆپتەرەکان ژمارەیەک کەسی چەکدارییان دەستنیشان کردووە و بە ئامانجیان گرتوون".
لە راگەیەندراوەکەدا سەرنج خراوەتە سەر ئەوەی کە لە کاتی هەڵکوتانە سەر شارەکە بە مەبەستی دەستگیرکردنی دوو فەڵەستینی، گرووپە خۆڕاگرەکانی فەڵەستین رووبەڕوویان بوونەتەوە و بەم هۆیەوە پێکدادانی سەخت رووی داوە و تیایدا هاتووە: "لە کاتی جێهێشتنی ناوچەکە لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە بە بۆمبی دەستی پەلاماری زرێپۆشەکانمان دراوە و یەکێکیان زیانی بەرکەوتووە".
میدیای ئیسرائیل بڵاوی کردەوە کە هێرشەکە بە هەلیکۆپتەری جۆری (AH-64) ئەنجام دراوە.
باس لەوەیش کراوە کە ئامانج لەو مووشەکبارانە بۆ ئەوە بووە ئەو سەربازە ئیسرائیلییانە بگوازرێنەوە کە دووچاری پێکدادانی سەختی گرووپە فەڵەستینییەکان بوونەتەوە یاخود بریندار بوون.
ئەوەی جێی سەرنجە زیاتر لە ٢٠ ساڵە سوپای ئیسرائیل هێرشی بەم جۆرە هەلیکۆپتەرە بۆ سەر کەناری رۆژئاوا ئەنجام نەدابوو.