Tufan Aktaş
13 شوبات 2024•نوێکردنەوە: 14 شوبات 2024
ئیستانبوڵ - AA
کۆماری ئەفریقای باشوور، داوایەکی بەپەلەی ئاڕاستەی دادگای لاهای کرد لە بارەی ئەوەی ئایا ئۆپەراسیۆنە زەمینیە پلان بۆ داڕێژراوەکەی ئیسرائیل بۆ سەر شاری ڕەفەح دەبێتە هۆی ئەوەی پێویست بێت دادگاکە دەسەڵاتی خۆی بەکاربهێنێت یان نا.
لە ڕاگەیاندراوێکدا کە لەلایەن حکوومەتی کۆماری ئەفریقای باشوورەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە دوێنێ داوایەکی بەپەلەیان ئاڕاستەی دادگای لاهای کردووە بۆ بڕیاردان لەبارەی ئەوەی کە ئایا پێویستە دەسەڵاتی بەکاربهێنێت بۆ ڕێگریی کردن لە پێشێل کردنی زیاتری مافی فەڵەستینییەکان یان نا.
هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە حکوومەت لەو داواکارییەی پێشکەشی دادگاکەی کردووە ئەوەی وەبیرهێناوەتەوە کە هێرشەکانی سەر ڕەفەح لە ئێستاوە کوژرانی هاووڵاتيیانی لێکەوتووەتەوە و ڕەنگە کوشتار و زیان و وێرانکاری زیاتری لێبکەوێتەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوەیش کراوە کە هێرشەکانی سەر ڕەفەح بە شێوەیەکی بەرچاو و قەرەبوونەکراوە پێشێلکاریە بەرامبەر "پەیماننامەی ڕێگریی کردن لە کۆمەڵکوژی و بەسزاگەیاندن" و "بڕیارەکانی ڕێوشوێن" کە دادگاکە لە ٢٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤دا دەریکردووە و، هاتووە: "پێمانوایە دادگا بە لەبەرچاوگرتنی ژمارەی کوژراوانی ڕۆژانە لە غەززە، پەلە دەکات لە بابەتەکەدا".
لە ئاکامی ئەو هێرشانەی سوپای ئیسرائیل کردوویەتیيە سەر شاری ڕەفەح زیاتر لە ١٠٠ کەس کوژراون و سەدان کەسی دیکەش برینداربوون، ئەمە لە کاتێکدایە هێرشە زەمینیە پلان بۆ داڕێژراوەکەی ئیسرائیل بۆ سەر شارەکە، نیگەرانی دروستبوونی کارەساتی مرۆیی لێکەوتووەتەوە.
ئیسرائیل کە دەیان هەزار فەڵەستینی لە هێرشەکانیدا بۆ سەر غەززە کوشتووە، بە زۆرەملێ بەشێکی زۆری دانیشتوانی ناوچەکەی بەرەو شاری ڕەفەحی سنووری میسر ئاوارە و دەربەدەر کردووە.