Barış Seçkin
12 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 12 تشرینی دووەم 2020
رۆما - AA
لە ئاکامی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێک لە کەناراوەکانی لیبیا لە دەریای ناوەڕاست کە کۆچبەرانی نایاسایی هەڵگرتبوو، شەش کەس گیانیان لەدەستدا کە یەکێکیان منداڵ بوو.
رێکخراوی کۆمەڵگای مەدەنی ئیسپانی، ئۆپن ئارمس لە تویتێکیدا بڵاویکردەوە کە ئۆپەراسۆنیان بۆ رزگارکردنی کۆچبەرانی نایاسایی سەر ئەو بەلەمە ئەنجامداوە کە لە دووری ٣٠ میل لە شاری دێرینی سبراتە لە لیبیا ژێرئاو کەوتووە.
بەلەمەکە بووە بە دوو کەرتەوە و سەرنشینانی سەری کەوتوونەتە دەریاوە و ١١٠ کەسیان لەلایەن تیمەکانی ئۆپن ئارمس-ەوە رزگارکراون، بەڵام شەش کەسیان کە یەکێکیان منداڵ بووە گیانیان لەدەستداوە.
هەروەها فەرماندەیی هێزەکانی ئاسایشی ئیتاڵیا، راگەیەندراوێکی سەبارەت بە رووداوەکە بڵاوکردەوە و باسی لەوە کرد کە کاتەکانی بەیانیی بەلەمەکە لەلایەن فڕۆکەی دەوریەی ئاژانسی پاراستنی سنووری ئەورووپاوە بەدیکراوە کە لە ناوچەی گەڕان و رزگارکردنی لیبیادا لە دۆخێکی سەختدا بووە، لەو کاتەدا کەشتی ئۆپن ئارمس لە ناوچەکە بووە و دەستی بە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی سەرنشینەکانی بەلەمەکەی کردووە.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە چوار کەس لە کۆچبەرەکان باری تەندروستییان ناجێگیرە و بەمەبەستی گواستنەوەیان لە کەشتی ئۆپن ئارمس تیمی تەندروستی رەوانە کراوە.