Betül Yürük
12 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 12 تشرینی دووەم 2020
نیویۆرک - AA
سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، جۆ بایدن رایگەیاند کە رۆن کلاین لە پۆستی گەورە کارمەندانی کۆشکی کە ساڵانێکی زۆرە بەیەکەوە کار دەکەن، دامەزراندووە.
بەپێی راگەیەنراوێک کە لەلایەن تیمی گواستنەوەی دەسەڵات بۆ جۆ بایدن بڵاوکراوەتەوە، رۆن کلاین کە ساڵانێکی زۆرە لەگەڵ جۆ بایدن کار دەکات لە هەمان کاتدا دەبێتە راوێژکاری باڵای جۆ بایدن.
سەبارەت بە رۆن کلاین، جۆ بایدن رایگەیاند ''رۆن بۆ من زۆر بە بەهایە کە ساڵانێکی زۆر کارم لەگەڵ کردووە. لە ٢٠٠٩دا بەیەکەوە ئابووریی ئەمریکامان رزگارکرد کە یەکێک بوو لە خراپترین قەیرانەکانی مێژوومان. لە ٢٠١٤دا سەرکەوتین بەسەر بارێکی لەناکاوی ترسناکی تەندروستی گشتییدا. لەکاتێکدا وڵاتەکەمان لە ساتی قەیرانێکی وەهادا دووبارە یەکدەگرێت، رۆن لایەنگرێکی سیاسیی گونجاوە کە بەدوایدا دەگەڕێم بۆ پۆستی گەورە کارمەندانی کۆشکی سپی و توانا و ئەزموونی زۆری هەیە لەبارەی کارکردن لەگەڵ هەموو کەسێکدا''.
لای خۆیەوە، رۆن کلاین لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە ''خزمەتکردنی بایدن کە بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا هەڵبژێردراوە شەرەفێکی گەورەیە بۆ من و شانازی دەکەم بەو متمانەیەی بە منی هەیە''.
رۆن کلاین هەروەها باسی لەوە کرد کە بە تاسەوە چاوەڕوانی کارکردنە لەگەڵ جۆ بایدن و کامالا هاریس کە بۆ جێگری سەرۆک هەڵبژێردراوە.
- رۆن کلاین کێیە؟
رۆن کلاین کە بە درێژایی هەڵمەتی هەڵبژاردن وەک راوێژکاری پلەدار خزمەتی جۆ بایدن-ی کردووە لە سەردەمی باراک ئۆبامادا کاتێک جۆ بایدن جێگری سەرۆک بووە بەڕێوەبەری نووسینگەکەی بووە.
هەروەها رۆن کلاین لە میانی بەرەنگاربوونەوەی ئێبۆلادا، پۆستی هەماهەنگیکاری لە کۆشکی سپی بەڕێوەدەبرد.
رۆن کلاین لە ساڵانی ١٩٨٩-١٩٩٢دا، گەورە راوێژکاری جۆ بایدن بووە کاتێک لە لیژنەی دادوەری ئەنجوومەنی پیران بووە و لە ساڵی ١٩٨٨ و ٢٠٠٨دا، راوێژکاری جۆ بایدن بووە کاتێک خۆی پاڵاوتبوو بۆ پۆستی سەرۆک.
رۆن کلاین کە بەڕێوەبەری نووسینگەی جێگری سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا، ئال گۆر بووە لە میانی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا، کاری راوێژکاری بۆ هەریەک لە سەرۆکەکانی پێشووتری ئەمریکا، باراک ئۆباما و بیل کلینتۆن و کاندیدانی دیموکراتەکان ئال گۆر، جۆن کێری و هیلاری کلینتۆن کردووە.
رۆن کلاین لە زانکۆی هاڤارد یاسای خوێندووە و لە زانکۆی جۆرج تاون وەک پرۆفیسۆری میوان کاری کردووە و خێزاندارە و باوکی سێ منداڵە.