Ramal Abdullah Mahmood,Rewa Mahmut Hasan
05 ئەیلوول 2017•نوێکردنەوە: 06 ئەیلوول 2017
ئەنقەرە – AA
سەرۆکی "The Arakan Project"، کریس لیوا لەبارەی هێرشەکانی سوپا و دەمارگیرە بوزییەکان بۆ سەر موسوڵمانانی ویلایەتی ئاراکان رۆژئاوای میانمار، رایگەیاند "سەلماندوومانە کە سوپا و دەمارگیران بۆ ئەوەی بەڵگە حاشاهەڵنەگرەکان لەناوبەرن، تەرمی ئەو کەسانەی کوشتوویانن کۆیانکردوونەتەوە و سووتاندوویانن".
کریس لیوا لە لێدوانێکیدا بۆ BBC ئاماژەی بەوە دا کە رێکخراوەکەی چاودێری رووداوە توندوتیژییەکانی ئاراکان دەکات. تیشکیشی خستە سەر ئەوەی کە تەنها لە ناوچەیەکی نیشتەجێبوونی شاری راتیداونگ بەلانیکەم ١٣٠ موسوڵمان کوژراون. بیستوومانە کە لە سێ گوندی هەمان ناوچەشدا دەیان موسوڵمان کوژراون و گوتی: "هێزە ئەمنییەکان گوندەکان گەمارۆ دەدەن و بە هەڕەمەکی تەقەیان لێ دەکەن. بە بەراورد لەگەڵ مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، ژمارەیەکی زیاتری بوزییەکان یارمەتی سوپا دەدەن".
ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە سوپا لە ئاراکان بەردەوامە لە ئۆپەراسیۆنەکانی بۆ سەر موسوڵمانان و گوتی: "سەلماندوومانە کە سوپا و دەمارگیران بۆ ئەوەی بەڵگە حاشاهەڵنەگرەکان لەناوبەرن، تەرمی ئەو کەسانەی کوشتوویانن کۆیانکردوونەتەوە و سووتاندوویانن".
بە هۆی هێرشەکانی سەر موسوڵمانانی پارێزگای ئاراکان لە ٢٥ی ئابەوە تا ئێستا چەندین موسوڵمانی ئەو ناوچەیە کوژراون. لە کاتێکدا بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی گرووپە چەکداریەکان، سوپای میانمار بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆسەر پارێزگاکە.
لە هێرشەکاندا زیاتر لە٦٠ گوند سووتێنراون و بە دەیان هەزار موسوڵمانی ئاراکان لە ترسی گیانی خۆیان ناوچەکە بەجێ دەهێڵن.