Hamit Hüseyin
29 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 30 ئادار 2017
هەولێر - AA
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا لەسەر پرسی هەڵکردنی ئاڵای هەرێمی کوردستان هەڵوێستی دەربڕیوە و رایگەیاندووە کە "پێویست بەوە ناكات ئەم بابەتە زۆر گەورە بكرێت و ببێتە ماددەی ململانێ و لێكترازانی نێوان پێكهاتە و لایەنەكان".
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە شاری كەركووك كارێكی یاسایی و ئاساییە و بابەتێكی نوێ نییە، هەروەك چۆن هەڵكردنی ئاڵای عێراقیش لە كەركووك بابەتێكی یاسایی و ئاساییە. هەر لە دوای رووخانی رژێمی پێشوو لە ساڵی 2003 و بەتایبەتیش دوای هاتنی داعش ئاڵای كوردستان لە كەركووك بوونی هەبووە و هەر ئەو ئاڵایەش كەركووكی لە هەڕەشە و پەلاماری تیرۆریستان پاراستووە".
لە راگەیەنراوەکەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان کە لە ماڵپەڕی فەرمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاوکراوەتەوە هاتووە "بۆیە پێویست بەوە ناكات ئەم بابەتە زۆر گەورە بكرێت و ببێتە ماددەی ململانێ و لێكترازانی نێوان پێكهاتە و لایەنەكان و هیچ لایەنێكیش نابێت بۆ مەرامی سیاسیی تایبەتی خۆی بەكاری بهێنێت. هەروەك چۆن ئاڵای كوردستان و پێشمەرگە كەركووكیان پاراست، پێویستە فەرهەنگی پێكەوەژیان و برایەتی و تەبایی نێوان پێكهاتەكانی كەركووك قووڵتر بكرێت و بپارێزرێت".