Murat Karadağ,Ramal Abdullah Mahmood
02 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 03 تشرینی دووەم 2017
ئیستانبوڵ – AA
سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین و سەرکۆماری ئێران، حەسەن روحانی و سەرکۆماری ئازەربایجان، ئیلهام عەلییێڤ لە تاران کۆبوونەوە.
ئاژانسی ئیرنا بلاوی کردەوە گەڕی دووەمی "لووتکەی سەرکردەکانی سێ وڵات" لە تارانی پایتەخت، بە راگەیەنراوێکی هاوبەش کە سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین و سەرکۆماری ئێران، حەسەن روحانی و سەرکۆماری ئازەربایجان، ئیلهام عەلییێڤ واژوویان لەسەر کردووە کۆتایی هات.
لەمبارەیەوە روحانی لە میانی پێشکەشکردنی گوتارێکدا، راگەیەنراوەکەی بە تەواوکاری و خێراکردنی ئەو بڕیارە هاوبەشانە لە قەڵەم دا کە لە باکو دراون.
حەسەن روحانی سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا کە ئێران، رووسیا و ئازەربایجان سێ وڵاتی دەوڵەمەندن لە کەرتی نەوت و گازدا و گوتی: "کۆششی هاوبەشمان دەبێتە هۆی ئەوەی ئابووری وڵاتانمان بە خێرایی گەشە بکات".
حەسەن روحانی تیشکیشی خستە سەر ئەوەی سندوقی وەبەرهێنانی هاوبەشی نێوان ئەو سێ وڵاتە پەرە بە هەماهەنگی و بەهێزی ئەو وڵاتانە دەدات لە کەرتە جۆراوجۆرەکانی ئابووریدا.
سەرکۆماری ئێران، حەسەن روحانی ئاماژەی بەوە دا کە لە لووتکەکەدا جگە لە تاوتوێکردنی تەوەرە هەرێمییەکان، باری سەرنجیان بۆ بواری هەماهەنگی ئابووری هاوبەش وەک وزە، گەیاندن و ئاوەدانکردنەوە راکێشاوە و گوتی: "پڕۆژەی کۆریدۆری باکوور-باشوور کە بەندەر عەباسی باشووری ئێران و هەلسینکییە بەیەکەوە دەبەستێتەوە لە ماوەیەکی نزیکدا پایەی رەشاد-ئاستارای لە ئێران تەواو دەبێت".
لە بەشیکی دیکەی قسەکانیشیدا، سەرکۆماری ئێران، حەسەن روحانی تیشکی خستە سەر ئەوەی بەردەوامن لەسەر کۆبوونەوەکانیان لە بارەی وەبەرهێنان و گەڕان و پشکنینی نەوت لە نێوان هەرسێ وڵاتدا.
- "تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکان بابەتە ئابوورییەکان بوون"
دوای ئەنجامدانی لووتکەکە سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین لە کۆنگرەیەکی هاوبەشی رۆژنامەوانیدا لەبارەی گرنگی کۆدریدۆری بەیەکگەیاندنی باکوور-باشووروە دوا و ئاماژەی بەوە دا کە هەرسێ وڵات لە پێناو سوود وەرگرتن لە کۆریدرۆکە بەباشترین شێوە بەنیازن پەرە بە کۆششە هاوبەشەکانیان بدەن.
ڤلادیمیر پوتین تیشکی خستە سەر ئەوەی تاوتوێی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ئاسایشی هەرێمییان کردووە و گوتی: "تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکانمان بابەتە ئابوورییەکان بوون".
دوای لووتکەکە هەریەک لە پوتین، عەلییێڤ و روحانی واژوویان لەسەر راگەیەنراوە هاوبەشەکە کرد.