Emre Gürkan Abay,Muhammet Ali Kemal
02 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 03 تشرینی دووەم 2017
مۆسکۆ- AA
سەرۆکی رۆستێک، سێرگی چەمەزۆڤ ئاشکرای کرد بڕی ئەو رێککەوتنەی کە بە مەبەستی گواستنەوەی سیستمی بەرگریی S-400 لەگەڵ تورکیادا واژووکراوە لە سەرووی دوو ملیار دۆلارەوەیە.
سێرگی چەمەزۆف لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵیی تاسی رووسی، رایگەیاند ''بڕی ئەو رێککەوتنەی کە بە مەبەستی گواستنەوەی سیستمی بەرگریی S-400 لەگەڵ تورکیادا واژووکراوە، زیاترە لە دوو ملیار دۆلار''.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە ١٢ی ئەیلوولی رابردوودا ئاماژەی بەوەکردبوو رێککەوتننامەیەکیان لەگەڵ مۆسکۆدا بە مەبەستی گواستنەوەی سیستمی بەرگریی S-400 لەگەڵ مۆسکۆدا واژووکردووە و وڵاتەکەشی لەچوارچێوەی رێککەوتننەکەدا بڕە پارەیەکی وەک پێشەکی داوەتە رووسیا.
لە حاڵەتی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەکەدا، تورکیا دەبێتە یەکەمین وڵاتی ئەندام لە ناتۆ کە دەبێتە خاوەنی سیستمی S-400.
سیستمی بەرگریی S-400 لە دووریی نزیکەی ٤٠٠ کیلۆمەترەوە توانای پێکانی ئامانجی تا بەرزیی ٣٠ کیلۆمەتر هەیە و لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە تا ئێستا لە جبەخانەکانی سوپای رووسیادا هەیە.