Muhammet Ali Kemal
27 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 29 تشرینی یەکەم 2016
مۆسکۆ - AA
سەرۆکی دامەزراوەی فیدراڵیی لەناوبردنی و ئاسایشی چەکە کیمیاوییەکانی رووسیا، ڤالێری کاپاشین رایگەیاند تا کۆتایی ساڵی 2017 ئەو چەکە کیمیاوییانەی بەدەستییانەوە ماوە لەناویدەبەن.
لەلیدوانێکدا سەبارەت بە بابەتەکە کاپاشین ئاماژەی بەوەکرد بڕیارەکە دراوە و پەسەندکراوە، پرۆسەی لەناوبردنی چەکەکان تا کۆتایی ساڵی 2017 بەردەوام دەبێت.
رووسیا لەساڵی 1997دا چووەتە نێو رێککەوتننامەی تایبەت بە لەناوبردنی چەکە کیمیاوییەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان و دەستی بەلەناوبردنی ئەو چەکە کیمیاوییانە کردبوو کە لەسەردەمی یەکێتیی سۆڤیەتەوە مابوونەوە.
حکوومەتی مۆسکۆ کە لەساڵانی 1990دا خاوەنی 39 هەزار و 967 تۆن چەکی کیمیاویی بوو، لەساڵی 2015دا رایگەیاند کە لەسەدا 90ی چەکە کیمیاوییەکانی لەناوبردووە.
ئاماژەی بەوەشکردبوو ئەو بەشە لەچەکە کیمیاوییەکان کە ماوەتەوە لە کۆتایی 2018دا لەناودەبات.