Betül Yürük
12 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 16 تشرینی دووەم 2021
نەتەوە یەکگرتووەکان - AA
یاریدەدەری نوێنەری ھەمیشەیی رووسیا لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، دمیتری پۆلیانسکی رەخنەی لەو وڵاتانە گرت کە قەیرانی کۆچبەرانی سەر سنووری بێلاڕووس-پۆڵەندایان گواستوەتەوە بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەم ھەوڵەیانی وەک "مەیل بۆ ئازارچەشتن (مازۆشیزم)" وەسف کرد.
ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەسەر داوای بەڕیتانیا، نەرویج، ئەستۆنیا، فەڕەنسا، ئیرلەندا و ئەمریکا، کۆبوونەوەیەکی داخراویان دەربارەی قەیرانی کۆچبەران لەسەر سنوورەکانی بێلاڕووس-پۆڵەندا، ئەنجامدا.
دوای کۆبوونەوەکەش نوێنەرانی وڵاتانی رۆژئاوا راگەیەندراوێکی ھاوبەشیان بڵاوکردەوە و تیایدا ئیدانەی بێلاڕووسیان کرد کە دەیەوێت ژیانی کۆچبەران بۆ ئامانجی سیاسی بخاتە مەترسییەوە.
ئەو نوێنەرانە بێلاڕووسیان بەوەش تۆمەتبار کرد کە بۆ ئەوەی سەرنج لەسەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ناوخۆی وڵاتەکەی لاببات ھەوڵدەدات بۆ ناسەقامگیر کردنی سنووری وڵاتانی دراوسێ و یەکێتی ئەورووپا.
ھەروەھا ئەو نوێنەرانە داوایان لە بەرپرسانی بێلاڕووس کرد کۆتایی بە کارە نامرۆڤانەکانیان و دروست کردنی مەترسی لەسەر ژیانی کەسەکان بھێنن و جەختیان لەوەش کردەوە کە وڵاتانی رۆژئاوا، یەکێتی ئەورووپا لە بەرامبەر ئەم پەلامارەدا دەپارێزن.
لە بەرامبەریشدا یاریدەدەری نوێنەری ھەمیشەیی رووسیا لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، دمیتری پۆلیانسکی، بەتوندی رەخنەی لە وڵاتانی رۆژئاوا گرت و رایگەیاند "وڵاتانی رۆژئاوا مەیلیان بۆ ئازار چەشتن (مازۆشیزم) ھەیە، ئەو ھەواڵانەشی کە باس لەوە دەکەن پۆڵەندا بەزۆر ئەم کۆچبەرانەی ناردووەتەوە سنوورەکانی بێلاڕووس و لە کۆچبەران دراوە، شتێکی شەرمھێنەرن".