Ahmet Karaahmet,Mehmet Burak Karacaoğlu
05 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 06 شوبات 2021
ئیدلب - AA
رووسیا نزیکەی ٣١٠ سەربازی بەکرێگیراوی دیکەی لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی رژێمی بەشار ئەسەد لە سووریاوە رەوانەی لیبیا کرد بۆ شەرکردن لە ریزەکانی رێبەری هێزە چەکدارە ناشەرعییەکانی خۆرهەڵاتی ئەو وڵاتە، خەلیفە حەفتەر.
بە پێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوە ئەمنییە ناوخۆییەکانەوە دەست ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتووە، سەرەڕای رێککەوتنی نێوان حکوومەتی لیبیا و هێزەکانی حەفتەری کودەتاچی، بەڵام رووسیا لە رێگەی هاریکارانی ناوخۆییەوە لە سووریا پێش دوو مانگ لەمەوبەر دەستیکردووە بە کۆکردنەوەی شەڕکەر بۆ حەفتەر.
لەو چوارچێوەیەشدا رووسیا لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی رژێمی ئەسەد دا لەگەڵ ئەو کەسانەی تەمەنیان لەنێوان ٢٠-٤٥ ساڵە و داواکاریان پێشکەشکردووە بە مووچەی مانگانەی هەزار بۆ هەزار و ٥٠٠ دۆلار گەیشتووەتە رێککەوتن.
سەربازە بەکرێگیراوەکان پێش ناردنیان بۆ لیبیا لە لایەن یەکەکانی هەواڵگریی رژێمی ئەسەدەوە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کرا.
ئەوانەی لە لێکۆڵینەوەکەدا دەرچوون لە بنکەکانی رووسیا لە لازقیە مەشقی سەربازییان پێکرا.
لە یەکەم قۆناغدا نزیکەی ٣١٠ سەربازی بەکرێگیراو کە مەشقیان تەواوکردووە، دوێنێ لە بنکەی حمەیمیم لە پارێزگای لازقیەوە بە فڕۆکەی بارهەڵگر گوازرانەوە بۆ لیبیا.
رووسیا، لە ٢٢ی کانوونی دووەمدا، لانی کەم ٣٠٠ سەربازی بەکرێگیراوی رەوانەی لیبیا کرد.
رووسیا دەوروبەری شەش هەزار سەربازی بەکرێگیراوی رەوانەی لیبیا کردووە بۆ شەڕکردن لە ریزەکانی حەفتەر کە لە پارێزگا جیاوازەکانی ژێر کۆنترۆڵی ئەسەد لە سووریا کۆیکردوونەتەوە.