Mazın Asad
24 کانوونی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 25 کانوونی دووەم 2018
واشنتۆن - AA
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ھێزەر ناوێرت رایگەیاند "روونکردنەوەکانی رووسیا وێرای ئەوەی یارمەتیدەر نابێت، لە ھەمان کاتدا پرۆپاگەندەیە وھاوکات ھەوڵ دەدات نێوان دوو ھاوپەیمانی ناتۆ تێک بدات".
ھێزەر ناوێرت لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی رۆژانەیدا ، ھەڵسەنگاندنی لەبارەی ئۆپەراسیۆنی لقی زەیتون و رونکردنەوەکانی رووسیا کرد.
لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی روونکردنەوەکانی رووسیا کە دەڵێت "گواستنەوەی چەکە پێشکەوتووەکانی ئەمریکا، تورکیای پەلکێشی ئۆپەراسیۆنەکە کرد" ھێزەر ناوێرت گوتی: "روونکردنەوەکانی رووسیا وێرای ئەوەی یارمەتیدەر نابێت، لە ھەمان کاتدا پرۆپاگەندەیە، ھاوکات ھەوڵ دەدات نێوان دوو ھاوپەیمانی ناتۆ تێک بدات".
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش دا کۆبوونەوەکەی نێوان وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رێکس تیلەرسن و وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئوغڵو کۆبوونەوەیەکی زۆر جددی و کراوە بوو و زیاتر گوتیشی: "نیگەرانی زۆر جددیمان ھەیە و ئەنجامدانی سێ پەیوەندی تەلەفۆنی لەم ماوەیەدا ئەمە دەسەلمێنێت".
ناوێرت گوتیشی: "عەفرین پێشتر بە ناوچەیەکی سەقامگیر دادەنرا، لە ئێستادا دۆخێکی وەک سەقامگیربوونی جێگەی باس نییە و نیگەرانی زۆر جددیمان ھەیە. پێویستە ھەموو لایەک لەسەر ناوبردنی داعش چڕببنەوە".
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا روونیشیکردەوە کە پرسی عەفرین یەکێکە لە پرسە گرنگەکانی بەردەم تیلەرسن و گوتیشی: "لە نیگەرانییەکانی تورکیا لەبارەی پەکەکە تێدەگەین. لەوبارەیەوە لە پەیوەندیداین".