Sangar Hamad Azeez
16 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 17 تشرینی یەکەم 2017
واشنتۆن - AA
سیناتۆری ئاریزۆنا لەسەر لیستی کۆمارییەکان جۆن مەککین رایدەگەیەنێت کە سوپای عێراق دەبێت هەرچی زووە بوەستێت و چیتر بەرەو ئەو شوێنانە نەچێت، کە لەژێر کۆنترۆڵی پێشمەرگەیە.
مەککین لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند: "نیگەرانین بەوەی کە گوێبیستی ئەوە دەبین هێزەکانی پێشمەرگە لە کەرکووک رووبەرووی سوپای عێراق، میلیشیاکانی شیعە حەشدی شەعبی بوونەتەوە.
ئەو سیناتۆرە جەخت دەکاتەوە لەوەی کە بەتایبەتی لەوە نیگەران بوونە کە هێزەکانی عێراق بە پشتیوانی ئێران هێرشیان بۆسەر کەرکووک ئەنجام داوە و دەڵێت: "دەبێت هێزەکانی عێراق هەرچی زووە بووەستن لەو پێشرەوییەیان تاوەکو بارگرژییەکان بە کۆتا بێت. ئەمریکا مەشق و راهێنانی بە هێزەکانی عێراق کرد تاوەکو بەرەنگاری ئەو هێزانە بێتەوە کە مەترسین بۆسەر وڵات . وریا بن لەوەی کە ئەو ئەزموونانە بە خراپە بەکار نەهێنن نەوەک دەرئەنجامی زۆر خراپی لێ دەکەوێتەوە".
مەککین بانگەوازی بۆ هەردوو سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعوود بارزانی و سەرۆکوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی کرد کە بە دیالۆگ کیشەکان چارەسەر بکەن و گوتیشی: " بەتایبەتی بەغدا دەبێت مەرجی گونجاتر دابنێت لەسەر مێزی گفتوگۆ".
لەلایەکی دیکەش، ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە دژی داعش بە سەرکردایەتی ئەمریکا لەبارەی ئاڵۆزییەکانی شاری کەرکووک، راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
بەپێی ئەو نووسراوەی کە لە ھێزەکانی ھاوپەیمانان بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە لە نزیکەوە چاودێری ئەو جموجۆڵە سەربازییە کراوە کە لە نزیک شاری کەرکووک ئەنجامدراوە، جەختیش لەوە کرایەوە کە ئەمە ھێرش نەبووە و تەنھا ئۆپەراسیۆنێکی رێکخراو بووە.
ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەیان بەوە داوە کە ئەوان نە پشتیوانی سوپای عێراقیان کردووە نە پشتیوانی پێشمەرگەیان کردووە و ئەمڕۆ بەیانیش ئەگەری پێکدادان لە ئارادا بووە.
لەلایەکی دیکەش گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، رۆب مانینگ داوای لەلایەنەکان کرد دان بەخۆیاندا بگرن، چونکە ئامانجی بوونی ئەمریکا لە عێراق لە ناوبردنی رێکخراوی تیرۆریستی داعشە.
مانینگ راشیگەیاند کە سەربازانی ئەمریکا لە نزیک شاری کەرکووکن و تێکەڵی ئەو بارگرژییەی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق نەبوونە.
ھاوکات مانینگ وەڵامی ئەو پرسیاری نەدایەوە کە گوایە لایەنەکان چەکی ئەمریکیان لە بەرامبەر یەکتر بەکارھێناوە.
لەبارەی بڵاوبوونەوەی گرتەی تێکشکاندنی زریپۆشی ئەمریکی لەلایەن پێشمەرگەوە کە لەلایەن حەشدی شەعبی بەکاردەھێنرا، مانینگ رایگەیاند کە ئەوان لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو گرتانە دەکەن.