Sangar Hamad Azeez
27 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 29 کانوونی یەکەم 2015
کەرکووک
بەڕێوبەرایەتی ناسنامە و باری شارستانیەتی کەرکووک وەک دەربڕینی سوپاسگوزاری بۆ ئەو پێشمەرگانەی کە لە شەڕی تیرۆریست دەیان پارێزن، بۆ دووەم جار لەم ساڵدا هەڵمەتێکی خوێنبەخشینیان ئەنجام دا، بۆ ئەم جارەش زیاد لە 60 کارمەند بەشداریان لە هەڵمەتەکە کرد.
بەهۆی ئەوەی هاووڵاتییەکی زۆر خوێنیان دەبەخشی، زۆرێک لە کارمەندەکان بەهۆی نەبوونی شوێن لە هۆڵی بانکی خوێنی نەخۆشخانەی کەرکووک خوێنیان دا.
هەڵمەتەکە کە نزیکەی 3 سەعاتی خایاند تێیدا 62 کارمەند خوێنیان دا.
لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو بەڕێوبەری ناسنامەی کەرکووک، موستەفا سامی گوتی: "ئامانجمان لە هەڵمەتەکە بەخشینی خوێن بوو بەو قارەمانانەی کە لەپێناو خاکدا گیانی خۆیان فیدا دەکەن، ویستمان خوێن ببەخشینە ئەو کەسانەی کە لە پێناو ئازادیدا بریندار بوون. وەک کارێکی مرۆیی هەستاین بە بەخشینی خوێن بۆ برا پێشمەرگەکان و هێزکانی ئاسایش".
بەهەمان شێوە لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو بەڕێوبەری باری شارستانی کەرکووک، نەشئەت شەهوەز گوتی: "وەک وەفایەک بۆ ئەو پێشمەرگانەی کە گیانی خۆیان فیدای کەرکووک دەکەن خوێنمان بەخشی، لەم ساڵدا ئەوە دووەم جارمانە هەڵمەتێکی لەو شێوەیە ئەنجام بدەین. تەنیا کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی ناسنامە و باری شارستانی بەشداریان لە هەڵمەتەکە کردووە. 62 کارمەند خوێنی بەخشی، هەرچەندە ئەو کارەی ئێمە زۆر کەمە بە بەراوردی گیانفیدایی هێزەکانی ئاسایش".