Ramal Mahmood
22 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 23 ئەیلوول 2016
حەلەب - AA
هەلیکۆپتەرە سەربازییەکانی سوپای سووریا، بەبۆمبی بەرمیلی هێرشیان کردە سەر گەڕەکەکانی سوکەری و ئەنساری شاری حەلەب کە لەژێردەستی ئۆپۆزسیۆندایە و لەئاکامدا ١١ کەس کوژران و ٣٠ کەسی دیکەش بریندار بوون.
بەگوێرەی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرێکی نەخۆشخانەی گەڕۆک کە بەدەست پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتن، هەلیکۆپتەرێکی سەربازی سوپای سووریا بەبۆمبی بەرمیلی هێرشی کردۆتە سەر گەڕەکی سوکەری شاری حەلەب کە لەژێردەستی ئۆپۆزسیۆندایە و لەئاکامدا نۆ هاووڵاتیی مەدەنی کوژران و ١٥ هاووڵاتیش بریندار بوون.
هەلیکۆپتەرێکی دیکەی سوپای سووریا بەبۆمبی بەرمیلی هێرشیکردۆتە سەر گەڕەکی ئەنساری شاری حەلەب کە لەژێردەستی ئۆپۆزسیۆنە و دوو هاووڵاتیی مەدەنی گیانیان لەدەست داوە و ١٥ کەسی دیکەش برینداربوون.
برینداران لەلایەن تیمەکانی تەندرووستییەوە گەیەندرانە نەخۆشخانە گەڕۆکەکان.