Rewa Mahmut Hasan,Muhammet Ali Kemal
21 مای,س 2017•نوێکردنەوە: 22 مای,س 2017
وەزیری دەرەوەی سعوودیە، عادل جوبەیر رایگەیاند کە بەهای رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و وڵاتەکەی گەیشتۆتە ٣٨٠ ملیار دۆلار.
لە دوای لووتکەی شا سەلمان بن عەبدولعەزیز و سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ هەریەک لە عادل جوبەیر و هاوتا ئەمریکیەکەی، رێکس تیلەرسۆن کۆنگرەیەکی رۆژنامەیان رێکخست.
عادل جوبەیر ئاماژەی بە گرنگی سەردانەکەی ترەمپ کرد و رایگەیاند، "ئەم سەردانە ئاماژەیە بۆ قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندیەکانی نێوان هەردوو وڵات. رێککەوتنە واژووکراوەکەش هێزی بەرگری سعوودیە باشتر دەکات لە بەرەنگاری تیرۆردا".
عادل جوبەیر ئاماژەی بەوەشدا کە هەردوو سەرکردە باسیان لە بەهێزکردنی پەیوەندیەکان و رێوشوێنەکانی دژبە سیاسەتی رادیکاڵانەی ئێران و سەقامگیرکردنی ئاشتی لە نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین و قەیرانی سووریا و کۆتایی هێنان بە دەستوەردانەکانی ناوچەکە، کردووە.
عادل جوبەیر لە گوتەکانیدا باسی قەیرانی یەمەنی کرد و رایگەیاند ''ئێمە دوژمنایەتیی هیچ یەمەنییەک ناکەین بەڵام رێگە بەو چەکدارانەش نادەین کە هاوپەیمانییان لەگەڵ ئێراندا بەستووە، دەست بەسەر وڵاتەکەدا بگرن. لەو چوارچێوەیەشدا سوپاسی ئیدارەی ترەمپ دەکەین کە پشتیوانیی هەوڵە لۆجستی و دیپلۆماسییەکانمان لە یەمەن دەکات. بە هۆی ئەو پشتیوانییەوە دەتوانین فشار بخەینە سەر حووسییەکان و سەرکۆماری لەکارلادراو عەلی عەبدوڵڵا ساڵح کە لەچوارچێوەی هەوڵەکانی کەنداو، ئەو بڕیارانەی لە کۆبوونەوەکانی دایەلۆگی نیشتمانییدا دراون و بڕیاری ژمارە ٢٢١٦ی نەتەوەیەکگرتووەکاندا، لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن''.
وەزیری دەرەوەی سعوودیە جەختی لەوەکردەوە لە وڵاتێکدا کە ژمارەی دانیشتوانەکەی ٢٨ ملیۆن کەسە، رێگە نادەن حووسییەکان کە ژمارەیان ناگاتە ٥٠ هەزار کەس، دەست بەسەر دەسەڵاتدا بگرن و ئاماژەی بەوەکرد بە پشتیوانیی هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی سعوودیە، حکوومەتی شەرعی یەمەن، لەسەدا ٨٠ی خاکی وڵاتەکەی لەژێر دەستدایە.
سەبارەت بە تۆمەتبارکردنی وڵاتەکەی لەبارەی یەمەنەوە، عادل جوبەیر ئاشکرای کرد لە یەمەن ژمارەیەک هەڵەیان ئەنجامداوە و دانیشیان پێدا ناون، بەڵام بە ژمارەیەک کار تۆمەتبار دەکرێن کە ئەنجامیان نەداوە. تیشکی خستە سەر ئەوەش کە سعوودیە زۆرترین هاوکاریی مرۆیی رەوانەی یەمەن کردووە و حووسییەکانی بەوە تۆمەتبارکرد کە ئەو هاوکارییە مرۆییانەیان بە مەبەستی دابینکردنی سەرچاوەی دارایی، فرۆشتووە.
لەبارەی دووبارە هەڵبژاردنەوەی حەسەن روحانی بە سەرکۆماری ئێران، جوبەیر رایگەیاند ''ئەوە بابەتێکی ناوخۆییە و ئێمە ئێران لە رێگەی گوتارەکانییەوە نا بەڵکو لە رێگەی کردەوەکانییەوە هەڵدەسەنگێنین. ئەوان (ئێرانییەکان) لە رابردوودا کۆمەڵێک شتیان گوت، بەڵام پێچەوانەکەیان ئەنجامدا. ئەوان خانەی تیرۆریستیی لە وڵاتماندا جێگیردەکەن و هاوکاریی چەکدارەکانی هاوشێوەی حزبوڵڵا و حووسییەکان لە رووی چەک و تەقەمەنییەوە دەکەن کە سەقامگیریی ناوچەکە دەشێوێنن. گەورەترین رێکخراوی تیرۆریستیی لەسەرتاسەری جیهاندا، حزبوڵڵایە''.