Şebnem Coşkun
30 حوزەیران 2023•نوێکردنەوە: 01 تەمووز 2023
زانزیبار - AA
دوورگەی زانزیبار کە دەکەوێتە کەنارەکانی رۆژئاوای زەریای هیندی، جیهانێکی رەنگین دەخاتە بەردیدی ئەو گەشتیارانەی دێن بۆ سەردانی.
زانزیبار کە دەکەوێتە بەرامبەر کەنارەکانی وڵاتی تانزانیا لە رۆژهەڵاتی ئەفریقا، بە گشتی لە ٥٤ دوورگە پێکهاتووە. دوو گەورەترین دوورگەی تانزانیا کە بەگشتی کەشوهەوای گەرم تێیاندا زاڵە، بریتین لە دوورگەکانی ئونگوجا و دوورگەی پێنبا.
شاری بەردین (Stone Town) لە دوورگەی زانزیبار کە ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار کەسە و داهاتیی ئابوورییەکەی بەندە بەرهەمهێنانی بەهارات و گەشتیارییەوە، خراوەتە لیستی میراتی جیهانیی یونسکۆوە.
جگە لەوەش کڵێسای ئەنگلیکانی مەسیح کە لە دوای ساڵی ١٨٧٣ دروستکراوە، یەکێکی دیکەیە لەو شوێنانەی کە گەشتیاران سەردانی دەکەن.
لە پارکی نەتەوەیی بەندەری جۆزانی-چواکا کە نزیکەی ٤٠ کم لە شاری زانزیبارەوە دوورە، ئاژەڵە جۆراوجۆرەکانی ناوچەکە دەگرێتەخۆ کە لە مەترسیی لەناوچوونیان لەسەرە. نزیکەی ٤٠ جۆری باڵندە و زیاتر لە ٥٠ جۆری پەپوولە کە لەم ناوچەیەدا دەژین.
بەناوبانگترین شوێن بۆ سەردانکردن چێشتخانەی "بەردین"ە کە لەسەر بەردێک دروستکراوە. بەهۆی مێژووەکەیەوە، لە دوورگەکەدا کلتووری ئەفریقی، ئەورووپی، عەرەبی و هیندی درکی پێدەکرێت.
خەڵکی هۆزی ماسای کە لە دوورگەکە دەژین، بە جلوبەرگی نەریتی خۆیانەوە هاتوچۆ دەکەن.
هێڵی ئاسمانیی تورکیا لە ساڵی ٢٠١٦ەوە رۆژانە گەشت بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئابێدی ئامانی کاروما دوورگەی زانزیبار رێکدەخات.
زمانی فەرمی دوورگەکە کە رووبەرەکەی دوو هەزار و ٤٦١ کیلۆمەترە، زمانی سواحیلییە، بەڵام لە نێو ئەو زمانانەشدا زمانەکانی ئینگلیزی و عەرەبیش قسەیان پێدەکرێت.
پەیوەندیی نێوان زانزیبار و ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە دوای سەدەی ١٦هەمینەوە دەستی پێکرد و دەریاوانەکانی ئەو کاتەی عوسمانییەکان لە ناوچەکەدا چالاک بوون.