Davit Kachkachishvili
07 تشرینی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 08 تشرینی دووەم 2022
کیێڤ - AA
سەرۆکی ئوکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی رایگەیاند: "ئەگەر بێت و ئێران چەکی بۆ دەستدرێژکار (رووسیا) دابین نەکردبووایە، ئێستا لە ئاشتی نزیک دەبووینەوە".
ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تەلەگرام بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەی بەوە داوە لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا کە لەگەڵ سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا، ئورسولا ڤۆن دێر لاین ئەنجامیداوە، باسیان لە وردەکارییەکانی پشتیوانییە داراییە فراوانەکانی یەکێتیی ئەورووپا بۆ ئۆکراینا کردووە.
سەرۆکی ئوکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی کە ئێرانی تۆمەتبار کرد بەوەی چەک بۆ رووسیا دابین دەکات و بەم شێوەیە درێژە بە شەڕەکە دەدات، ئاماژەی بەوە دا کە لەگەڵ ڤۆن دێر لاین ئەم بابەتەشیان تاوتوێ کردووە و پێویستە جیهان کاردانەوەی هەبێت بەرامبەر بە ئێران.
گوتیشی: "ئەگەر بێت و ئێران چەکی بۆ دەستدرێژکار (رووسیا) دابین نەکردبووایە، ئێستا لە ئاشتی نزیک دەبووینەوە".
سەرۆکی ئۆکراینا بە ئاماژەدان بەوەی کە ئەمڕۆ هێزەکانی رووسیا لە هێرشەکانیاندا بۆسەر ئۆکراینادا جارێکی دیکە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی دروستکراوی ئێرانیان بەکارهێناوە، ئاشکرای کرد کە رووسیا بەردەوامە لە بە ئامانجگرتنی ژێرخانی وزە لە ئۆکراینا.
ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی رایگەیاند کە بەهۆی بەرکەوتنی زیان بە ژێرخانی وزەوە، چوار ملیۆن و ٥٠٠ هەزار بەشدار لە سەرتاسەری وڵاتدا کارەبایان پێ نەدراوە، هەروەها کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەت ئەنجامداوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و گوتی: "بەوردی باسمان لە ئەگەری روودانی هەر سیناریۆیەک کرد و رێوشوێنی گونجاومان ئامادە کرد".
سەرۆکی ئوکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی ئاماژە بەوە دا کە سەختترین هێرشەکانی هێزەکانی رووسیا لە بەرەی دۆنێتسک ئەنجامدراون و گوتی: "دوژمن لەوێ زیانێکی گەورەی بەردەکەرێت، بەڵام سەرەڕای هەموو زیانەکان بەردەوامە لە شەڕ پێ کردنی بەکرێگیراوەکانی".