Selen Temizer
03 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 03 نیسان 2023
بڕۆکسل – AA
سکرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستۆڵتێنبێرگ رایگەیاند: "سبەی ئەندامبوونی فینلاند لە ناتۆ رادەگەیەندرێت، فینلاند دەبێت بە ٣١ەمین ئەندام لە ناتۆ و ئاڵای فینلاند لە بارەگای ناتۆ بەرز دەکرێتەوە".
یانس ستۆڵتێنبێرگ بەرلە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ کە لە ٤-٥ی نیسان لە بارەگای ناتۆ لە بڕۆکسل پایتەختی بەلجیکا ئەنجام دەدرێت، بۆ میدیاکاران دوا.
سکرتێری گشتیی ناتۆ ئاماژەی بەوە دا لە یەکەمین رۆژی کۆبوونەوەکەدا، ئەندامبوونی فینلاند لە ناتۆ رادەگەیەندرێت، فینلاند دەبێت بە ٣١ەمین ئەندام لە ناتۆ و ئاڵای فینلاند لە بارەگای ناتۆ بەرز دەکرێتەوە و گوتی: "ئەمەیش دەبێتە مایەی ئەوەی ئاسایشی فینلاند پارێزراوتر ببێت و ناتۆیش بەهێزتر دەکات".
سکرتێری گشتیی ناتۆ هیوایشی خواست پرۆسەی بوونە ئەندامی سوید لە ناتۆ لە نزیکترین کاتدا تەواو ببێت.
هەر دوای لووتکەی مەدرید لە حوزەیرانی ٢٠٢٢ زۆربەی وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ دەستیان کرد بە رەزامەندی دەربڕین لەسەر پرۆسەی بە ئەندامبوونی سوید و فینلاند لە ناتۆ. پەرلەمانی ٢٠ وڵاتی ئەندام لە ناتۆ لە مانگی تەمووز، پەرلەمانی چوار وڵاتی ئەندام لە مانگی ئاب پەرلەمانی چوار وڵاتی دیکەیش لە ئەیلوودا پرۆسەی بوونە ئەندامی ئەو دوو وڵاتەیان پەسەند کرد.
لە ٢٧ی ئادار پەرلەمانی هەنگاریا رەزامەندی دەربڕی لەسەر بە ئەندامبوونی فینلاند لە ناتۆ. بڕیاری پەرلەمانی تورکیایش لەمبارەیەوە لە ٣٠ی ئادار دەرچوو. بەم جۆرە پرۆسەی بوونە ئەندامی فینلاند لە ناتۆ کەمتر لە ساڵێکی خایاند، ئەمەیش بووە یەکێکە لە کەمخایەنترین پرۆسەی بوونە ئەندامی وڵاتێک لە مێژووی ئەو پەیمانە تەمەن ٧٤ ساڵەیییە.