Adham Kako,Ramal Abdullah Mahmood
26 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 27 تشرینی دووەم 2017
ئەنقەرە – AA
تۆڕی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند کە کوژرانی ٢٤ هەزار و ٧٤٦ ئافرەتیان کردۆتە دیۆکۆمێنت لە ئاکامی پێکدادانەکانی مانگی ئاداری ٢٠١١ەوە تاکو مانگی تشرینی دووەمی ٢٠١٧.
تۆڕی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ لە حەوتەمین ساڵەی جەنگی ناوخۆیی سووریادا داتاکانی کوشتنی ئافرەتانی لە پێکدادانەکان بڵاوکردەوە.
بە پێی لێکۆڵینەوەکەی تۆڕەکە ژمارەی ئەو ئافرەتانەی کە کوژراون و ناویان لە تۆمارە فەرمییەکان هەیە، ٢٤ هەزار و ٧٤٦ کەسن و ئەو ژمارەیەش تەنها ئەو کەسانەن کە بەڵگەی تەواویان لەسەر هەیە.
لە راپۆرتەکەدا، تیشک خراوەتە سەر ئەوەی ٢٠ هەزار و ٩١٩ ئافرەت بە هۆی هێرشەکانی رژێمی بەشار ئەسەدەوە کوژراون و ئەمەشیان بە بەڵگەوە سەلماندووە. هەروەها ٩٨٨ ئافرەتیش بە هۆی هێرشە ئاسمانییەکانی رووسیا کوژراون کە بۆ پشتیوانیکردن لە رژێمی بەشار ئەسەد لە ئەیلوولی ٢٠١٥ەوە دەستیان کردووە بە هێرشەکانیان.
٥٧٣ ئافرەتیش بە هۆی هێرشەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش و مینەوە کوژراون و ١٣٦ دیکەش بە هۆی هێرشەکانی پەیەدەوە کوژراون.
لە ئاکامی هێرشی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعشیش لە ئەیلوولی ٢٠١٤ەوە ٦١١ ئافرەت کوژراون. لە ناوچەکانی پێکدادانی نێوان ئۆپۆزسیۆنی سەربازی و هێزەکانی رژێمیش ٩٣٦ ئافرەت کوژراون و ٥٥٦ ئافرەتی دیکەش لایەنە نەناسراوەکان کوشتوویانن.