Zana Natık Kerem
09 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 10 کانوونی دووەم 2017
بەغدا ــ AA
بەپێی رووپێوێكی وەزارەتی پلاندانانی عێراق کە لە ساڵی ٢٠١٦ ئەنجامی داوە، دەركەوتووە کە یەك ملیۆن و ٩٠٠ هەزار بێوەژەن و ئافرەتی تەڵاقەدراو لە پارێزگا و شارەكانی عێراقدا هەیە.
هاوكات لەگەڵ راگەیاندنی ئەنجامی رووپێوەکە گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، عەبد زەهرە هینداوی لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند كە ژمارەی ئافرەتانی تەڵاقدراو، گەیشتووەتە ١٢٢ هەزارو ٤٣٨ ئافرەت كە ١٠٥ هەزاریان تەمەنیان لەنێوان ١٤ بۆ ٤٩ ساڵەوە و ژمارەی ئافرەتی تەڵاقدراوی تەمەن ٥٠ ساڵ بەسەرەوەش گەیشتووەتە ١٧ هەزارو ٤٣٢ ئافرەت.
عەبد زەهرە هینداوی ئاماژەی بەوەش دا كە ژمارەی بێوەژنەكان گەیشتووەتە ٨٧٨ هەزار و ٤٥٥ بێوەژن كە لەنێویاندا ٢٠٣ هەزاریان تەمەنیان لەنێوان ١٤ بۆ ٤٩ ساڵەو ئەوانەشی تەمەنیان لە ٥٠ ساڵ بەسەرەوەیە گەیشتوەتە ٦٧٥ هەزار و ١٩٨ بێوەژن.
گوتەبێژەكەی وەزارەتی پلاندانان روونیشیكردەوە كە بەهۆی خراپی رەوشی ئەمنی، رووپێوەكە بێوەژن و ئافرەتانی تەڵاقدراوی هەردوو پارێزگای نەینەوا و سەڵاحەددین و هەروەها قەزاكانی، حەویجە سەربە پارێزگای كەركووك و بێجی و شەرگات سەربە پارێزگای سەڵاحەددین ناگرێتەوە.
لای خۆیەوە سەرۆكی كۆمەڵەی ئەمەل (رێكخراوێكی ناحكوومی تایبەتە بە بەرگریکردن لە مافەكانی ئافرەت لە عێراق)، هەنا ئیداورد رایگەیاند كە بەرزبوونەوەی رێژەی تەڵاق لە عێراق بۆ ئەو یاسایە پەیڕەوكراوانە دەگەڕێتەوە كە پارێزگاری لە ئافرەت و مافەكانی ناكات.
هەنا ئیدوارد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەو یاسایانەی كە حكوومەتی عێراق بۆ پڕۆسەی هاوسەرگیری و پەیوەندییەكانی هاوسەری پەیڕەوی دەكات، ئەوەندی ماف بەپیاو دەدات ئەوەندە ماف بەئافرەت نادات و تەنانەت لەكاتی جیابوونەوەش، هیچ سزایەكی بەسەر پیاودا نەسەپاندووە تا قەرەبووی مافی ئافرەت بكەنەوە".
لەبارەی بەرزبوونەوەی رێژەی تەڵاق هەنا ئیدوارد گوتی: "هۆكاری بەرزبوونەوەی رێژەی تەڵاق بۆ ئەو دابونەریتە خێڵەكەیە دەگەڕێتەوە كە تا ئێستا لەناو كۆمەڵگەی گوندا بۆ پڕۆسەی هاوسەرگیری و بە شوودانی كچانی هەرزەكار پشتی پێ دەبەسترێت كە ئاكام و كۆتایی ئەو پڕۆسە هاوسەرگیرییە تەڵاقی لێدەكەوێتەوە".
سەبارەت بە بەرزبوونەوەی رێژی بێوەژن لە عێراق ناوبراو ئاماژەی بەوە دا كە زۆربەی هۆكارەکان پەیوەستن بەڕەوشی ئەمنی و شەڕەكانی دژبە داعش و ھەروەھا ئەو تەقیینەوانەی كە لە ناوچەكانی عێراق روودەدەن كە بەهۆیانەوە سەدان كەس كوژراون.