Mohammed Hamood Ali Al Ragawi
11 کانوونی یەکەم 2023•نوێکردنەوە: 11 کانوونی یەکەم 2023
ئیستانبوڵ – AA
سوپای ئیسرائیل بە درێژایی شەوی ڕابروو، ناوەڕاست و باشووری کەرتی غەززەی گەمارۆدراوی بۆردومان کرد کە لە ئاکامدا، ژمارەیەک فەڵەستینی کوژران و برینداربوون.
ئاژانسی ھەواڵی فەرمی فەڵەستین "WAFA" بڵاوی کردەوە کە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە شاری ڕەفەح باشووری کەرتی غەززە، لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلەوە بۆردومان کراوە و لە ئاکامدا، شەش فەڵەستینی کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.
ڕاشیگەیاندووە کە لە ئاکامی بۆردومانێکی ئیسرائیل بۆسەر خانوویەک لە کەمپی نوسەیرات ناوەڕاستی غەززە، پێنج فەڵەستینی کە سێیان منداڵن کوژراون.
باسی لەوەیش کردووە، خانوویەک لە ناوەڕاستی غەززە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بۆردومان کراوە و بەھۆیەوە ژمارەیەک فەڵەستینی برینداربوون کە بۆ وەرگرتنی چارەسەر گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی شەھیدانی ئەقسا.
ھەروەھا ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەیشداوە کە ژمارەیەک ناوچە لە خان یونس باشووری کەرتی غەززە و ژمارەیەک ناوچەی ڕۆژھەڵاتی شاری غەززە، کەمپی مەغازی ناوەڕستی کەرتی غەززە، گەڕەکی شوجاعییە و کەمپی جەبالیا باکووری کەرتی غەززە، لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بۆردومان کراون.