Muhammed Emin Canik
15 تشرینی یەکەم 2024•نوێکردنەوە: 15 تشرینی یەکەم 2024
ئیستانبوڵ - AA
سوپای ئیسرائیل لە ٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣وە زیاتر لە دە هەزار جار هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر لوبنان و تەنیا لەمیانی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ١٤٦ هێرشی ئەنجام داوە.
ئاژانسی هەواڵی فەرمی لوبنان NNA ڕاپۆرتێکی وەزارەتی ژینگەی لوبنان کە لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەیان ئامادە کراوە، بڵاو کردەوە.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، سوپای ئیسرائیل لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ١٤٦ هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر لوبنان کە زۆربەی هێرشەکان لە باشووری ئەو وڵاتە بووە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، سوپای ئیسرائیل لە ٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣وە دە هەزار و ١٢ جار هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر لوبنان.
هێرشەکان بووەتە هۆی ئاوارەبوونی هەزاران کەس و بە مەبەستی حەواندنەوەی ئاوارەکانیش هەزار و ٦٧ ناوەند دامەزراوە کە ١٨٨ هەزار و ٦٥٢ کەسی لە خۆ گرتووە.
ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی ژینگە باسی لەوەش کردووە کە، شەپۆلی کۆچی هاووڵاتیانی لوبنانیش لە شوێنی خۆیانەوە، بە هۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بەردەوامە. بەو پێیە، لە ٢٣ی ئەیلوول تا ١٥ی تشرینی یەکەم ٤٥٦ هەزار و ٢٢٨ کەس سنوورەکانی لوبنانیان بەرەو سووریا جێ هێشتووە.
وەزارەتی ژینگەی لوبنان ئاماژەی بەوەش داوە کە لەسەدا ٧٧ی قوتابخانەکانی ئەو وڵاتەش بووەتە شوێنی حەواندنەوەی ئاوارەکان و ئەوەش هۆکار بووە بۆ ئەوەی پرۆسەی خوێندن لەو ناوچانە بەتەواوی پەکی بکەوێت.
بە هۆی هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان لە میانی چەند هەفتەی ڕابردوودا، دوو هەزار و ٣٥٠ کەس گیانیان لەدەستداوە.