Zana Natık Kerem
19 ئاب 2019•نوێکردنەوە: 19 ئاب 2019
قودس ــ AA
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند كە ٢٣ فەڵەستینی لە چەند ناوچەیەكی كەناری رۆژئاوا، دەستگیركردووە.
لە راگەیەندراوێكدا سوپای ئیسرائیل بڵاویكردەوە كە زنجیرەیەك ھەڵمەتی بۆ دەستگیركردنی فەڵەستینییەكانی لە چەند ناوچەیەكی كەناری رۆژئاوا، ئەنجامداوە
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە "لە میانی ھەڵمەتەكاندا، ٢٣ فەڵەستینی بەتۆمەتی تێوەگلان لە ئەنجامدانی چالاكی تیرۆریستی لە كەناری رۆژئاوا دەستگیركراون".
بەپێی راگەیەندراوەكە، دەستگیركراوەكان بە مەبەستی لێكۆڵینەوە رەوانەی بنكەكانی ئەمنی كراون.
سوپای ئیسرائیل بەردەوام ھەڵمەت لە كەناری رۆژئاوا ئەنجام دەدات و ھەڵدەكوتێتە سەر ماڵان و بەتۆمەتی جۆراوجۆر ھاووڵاتییانی فەڵەستینی دەستگیر دەكات.
ئەمەش لە كاتێكدایە بەپێی داتاكانی فەڵەستین، ژمارەی بەندكراوانی فەڵەستین لە گرتووخانەكانی ئیسرائیلدا، گەیشتووەتە پێنج ھەزار و ٧٠٠ كەس لەنێویاندا ٢٣٠ی منداڵ و ٤٨ ئافرەت، ھەروەھا لەو ژمارەیە ٥٠٠ كەس بە فەرمانی كارگێڕی بەبێ دادگاییكردن بەندكراون، جگە لەوەش ھەزار و ٨٠٠یان نەخۆشن كە ٧٠٠یان پێویستیان بە چارەسەری بەپەلەی پزیشكی ھەیە.