Zana Natık Kerem
28 کانوونی یەکەم 2023•نوێکردنەوە: 29 کانوونی یەکەم 2023
ھەولێر – AA
سەرکوماری عێراق، عەبدولـلەتیف رەشید بە پێویستی زانی کە دەستدرێژی و بۆردومانکردنی کەرتی غەززە و شارەکانی دیکەی فەڵەستین، بوەستێندرێت و ڕایگەیاند کە گرنگە ئاسانکاری بکرێت لە گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماریی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە عەبدولـلەتیف رەشید پێشوازی کردووە لە سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا، پێدرۆ سانچێز.
ڕاشیگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە پتەوکردنی پەیوەندی و پەرەپێدان بە ھاریکارییە ھاوبەشەکانی نێوان عێراق و ئیسپانیا کراوە، بە تایبەتی لە بوارەکانی ئابووری، ژینگە، ڕۆشنبیری، کشتوکاڵ، وەبەرھێنان و وزەی نوێبووەوە.
باسی لەوەش کردووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، سەرکۆماری عێراق ڕایگەیاندووە کە ئێستا، عێراق بووەتە ژینگەیەکی سەقامگیر و ئارام بۆ وەبەرھێنان، ھەروەھا داوای لە کۆمپانیا ئیسپانییەکان کردووە کە بەشداربن لە پڕۆژەکانی بیناسازی، ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانی عێراق.
ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، دوایین پێشھاتەکانی سەرئاستی ھەرێمی و نێودەوڵەتی تاوتوێ کراوە، ھەروەھا گفتوگۆکراوە لەبارەی ھەوڵەکانی عیراق بۆ بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیری و ئاشتی لەناوچەکەدا.
ئاماژەی بەوەشداوە کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، عەبدولـلەتیف ڕەشید ھەڵوێستی عیراقی لە پشتیوانیکردنی گەلی فەڵەستین بۆ بەدەستھێنانی مافە رەواکانی دوپاتکردووەتەوە، جەختیشی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە دەستدرێژی و بۆردومانکردنی کەرتی غەززە و شارەکانی دیکەی فەڵەستین، بوەستێندرێت و ئاسانکاری بکرێت لە گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە.
ڕاشیگەیاندووە کە لای خۆیەوە سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا، پێدرۆ سانچێز خواستی وڵاتەکەی بۆ بەردەوامی ھاریکارییەکانی لەگەڵ نیشانداوە و ڕایگەیاندووە کە ھەوڵدەدەن پەرە بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عێراق بدەن.