Mehmet Tosun
26 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 26 تشرینی دووەم 2020
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە رێوڕەسمێکی فەرمیدا پێشوازی کرد لە میری قەتەر، شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی کە بۆ شەشەمین کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ستراتیجیی تورکیا-قەتەر، سەردانی ئەنقەرەی کردووە.
ئەسپسوارەکان کە لە شەقامی بەردەم کۆشکی سەرۆکایەتی کۆمار پێشوازیان کرد لە کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی ئال سانی، تا بەردەم دەروازەی چوونەژوورەوەی کۆشک یاوەریان کرد.
سەرکۆماری تورکیا لە دەروازەی چوونەژوورەوەی کۆشکدا، پێشوازی لە میری قەتەر کرد.
دوای ئەوەی ئەردۆغان و ئال سانی چوونە شوێنی خۆیان لە رێوڕەسمەکەدا، مارشی نیشتمانی هەردوو وڵات لێدرا و ٢١ گولـلە تۆپ تەقێندرا.
پاشان هەردوولا شاندەکانیان بە یەک ناساند و دوای رێوڕەسمەکە، ئەردۆغان و ئال سانی دەستیان بە کۆبوونەوەی دووقۆڵی کرد، دواتریش لە دیداری نێوان شاندەکاندا کۆدەبنەوە.
دوای تەواوبوونەی دیدار و کۆبوونەوەکان، دەست بە رێوڕەسمی واژووکردن دەکرێت لە چەندین بواردا.
لە رێوڕەسمەکەدا هەریەک لە وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو و وەزیری بەرگریی، خولوسی ئاکار و وەزیری بازرگانیی، روخسار پەکجان و وەزیری گواستنەوە و ژێرخان، عادل کارائیسماعیل ئۆغڵو و سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندیەکان لە سەرۆکایەتی کۆمار، فەخرەددین ئاڵتون و گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆمار، ئیبراهیم کاڵن و پارێزگاری ئەنقەرە، واسیپ شاهین و سەرۆکی گەورەشارەوانی ئەنقەرە، مەنسور یاواش ئامادە بوون.