Barış Seçkin
03 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 03 ئەیلوول 2021
رۆما- AA
سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا، ماریۆ دراگی دەربارەی گواستنەوەی هاووڵاتییانی ئەفغانستان و یاساکانی تایبەت بە پرسی کۆچ رەخنەی لە یەکێتی ئەورووپا گرت.
ماریۆ دراگی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا باسی لە پرسی ئەفغانستان و کۆچبەرانی ئەو وڵاتە کرد کە لە ئێستادا بووەتە گەرمترین رۆژەڤی ئیتاڵیا و جیهان.
سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا لەمبارەیەوە رەخنەی لە یەکێتی ئەورووپا گرت و رایگەیاند: "گواستنەوەی هاووڵاتییانی ئەفغانستان، جارێکی دیکە ئەوەی نیشاندایەوە کە یەکێتی ئەورووپا لە بەڕێوەبردنی پرسی کۆچدا چەند بێتوانایە. یەکێتییەکە کە لەسەر ژمارەیەکی زۆر بنەما یەکی گرتوە توانای ئەوەی نییە رووبەڕووی ئەم کێشەیە ببێتەوە ئەمەش کێشەی یەکێتی ئەورووپایە".
ماریۆ دراگی باسی لەو تراژیدیایە کرد کە لە کاتی گواستنەوەی هاووڵاتییانی ئەفغانستان روویدا و گوتی: "لە بەرامبەر ئەو تراژیدیایە ترسناکەدا کە روویدا، هێشتا هەندێک وڵات هەن دەڵێن 'کۆچبەرمان ناوێت'، نازانم ئەمەتان بەبیردێتەوە یان نا بەڵام چۆن شتی وا دەکەن؟".
سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا کە لە ئێستادا سەرۆکایەتی گرووپی "G20" دەکات، ئاماژەی بەوەشدا کە بەردەوامە لە بیرکردنەوە لە سازکردنی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی گرووپەکە تایبەت بە پرسی ئەفغانستان و بۆ ئەم مەبەستەش پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ئەندامی "G20" بەردەوامە.
ماریۆ دراگی ئاشکرایشی کرد کە لە کۆبوونەوەی ئەم ئێوارەیەییدا لەگەڵ سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوئێل ماکرۆن لە شاری مارسیلیای فەڕەنسا دەربارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و پرسەکانی وەک یەکێتی ئەورووپا و لیبیا دەدوێن.
لە درێژەی گوتەکانیدا دراگی راشیگەیاند کە ئابووری ئیتاڵیا زیاتر لەوەی چاوەڕێ دەکرا، گەشەی کردووە و بەردەوامیشە لە گەشەسەندن.