Hakan Çopur
03 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 04 ئەیلوول 2021
واشنتۆن- AA
بڕیارە سبەی هەینی سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن سەردانی ویلایەتی لویزیانا بکات کە بەهۆی گەردەلوولی ئایدا زیانێکی زۆری بەرکەوت، بەر لە سەردانەکەش بەڵێنی هاوکاریکردنی دا بە زیانلێکەوتووانی گەردەلوولەکە.
جۆ بایدن لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە لە کۆشکی سپی سازی کرد، پەیامێکی ئاڕاستەی دانیشتوانی ئەو ناوچەیە کرد کە گەردەلوولی ئایدا لێیداوە و ئاماژەی بەوەدا کە ئاگاداری ئەو وێرانکارییەن کە لەو ناوچانەکەدا روویداوە، جەختی لەوەش کردەوە کە حکوومەتی فیدڕاڵی هەموو هەوڵێکی دەخاتە گەڕ بۆ هاوکاریکردنی زیانلێکەوتووان.
سەرۆکی ئەمریکا، باسی لەوەش کرد کە لە سەردانەکەی سبەیدا لەگەڵ نوێنەری هەموو چین و توێژەکاندا کۆدەبێتەوە، گوتیشی: "پەیامی من بۆ سەرجەم زیانلێکەوتووانی گەردەلوولەکە ئەوەیە کە هەموومان لەم خاڵەدا پێکەوەین. نەتەوەکەمان بۆ هاوکاریکردنی یەکتر لێرەیە".
جۆ بایدن داوای لە دەسەڵاتی ویلایەتەکە و کۆمپانیاکانی بیمە کرد هەموو ئاسانکارییەکی پێویست بۆ زیانلێکەوتووانی گەردەلوولەکە بکەن.
جێی وەبیرهێنانەوەیە گەردەلوولی ئایدا کە خێراییەکەی ٢٤١ کیلۆمەترە لە کاتژمێرێکدا و لەلایەن فەرمانگەی خزمەتگوزارییەکانی کەشناسی ئەمریکاوە خراوەتە ریزبەندی چوارەمەوە کە ریزبەندی مەترسیدارترین و گەورەترین جۆرەکانی گەردەلوولە، رۆژی ٢٩ی ئاب چەند ناوچەیەکی ویلایەتی لویزانای گرتەوە، بووە هۆی گیانلەدەستدانی ١٣ کەس و زیانێکی زۆری ماددیشی بە ناوچەکە گەیاند.