Sarmand Hameed
24 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 30 ئادار 2021
هەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی پێشوازی لە جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر، محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی کرد.
ئاژانسەکانی ھەواڵی قەتەر بڵاویانکردەوە، محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی کە بە سەردانێکی فەرمی لە بەغدایە، لەلایەن مستەفا کازمییەوە پێشوازیی لێکراوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، تاوتوێی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان ھەردوو وڵات و دوایین پێشھاتەکانی ناوچەکە کراوە.
جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر جەختی لە پشتیوانی وڵاکەی بۆ عێراق کردووەتەوە و رایگەیاندووە "دەوڵەتی قەتەر لەپاڵ کۆماری عێراق دەبێت لەپێناو دەستەبەرکردنی سەقامگیری و گەشەپێدان".
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکە، محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی پێشوازیی لە دەستپێشخەری سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی کردووە بۆ ئەنجامدانی دیالۆگی نیشتمانیی لەنێوان ھێزە سیاسییەکانی عێراق.
بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر، محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە عێراق و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا لەلایەن وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن پێشوازیی لێکرا.
دواتر لەگەڵ سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح کۆبووەوە و نامەیەکی دەستنووسی میری قەتەر، تەمیم بن حەمەد ئال سانی پێگەیاند کە تیایدا بەرھەم ساڵح بانگھێشتکراوە بۆ سەردانیکردنی قەتەر.
بڕیارە جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر، محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی دوای دیدار و کۆبوونەوەکانی لە بەغدا، سەردانی ھەولێر بکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ھەرێمی کوردستان کۆببێتەوە.