Zana Natık Kerem
06 تشرینی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 07 تشرینی دووەم 2023
ھەولێر – AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ تاران لەگەڵ ڕابەری باڵای ئێران، عەلی خامنەیی کۆبووەوە.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە محەمەد شیاع سوودانی لەچوارچێوەی سەردانەکەی بۆ تاران لەگەڵ عەلی خامەنەیی کۆبووەتەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا، وردەکاری زیاتر لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، نەخراوەتەڕوو.
ھاوکات نووسینگەی ڕابەری باڵای ئێران لە ڕاگەیاندراوێکدا کە لەلایەن میدیاکانی ئێران بڵاوکراوەتەوە ئاماژەی بەوەداوە کە لە کۆبوونەوەکەدا، عەلی خامەنەیی ڕایگەیاندووە کە پێویستە وڵاتانی ئیسلامی فشارەکانیان لەسەر ئاستی سیاسی زیاتر بکەن، بۆ ئەوەی ئەمریکا دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بۆسەر غەززە بوەستێنێت.
باسی لەوەیش کردووە کە ھەروەھا ڕابەری باڵای ئێران ئاماژەی بەوەداوە کە عێراق، ھەڵوێستێکی باش و بەھێزی بۆ پاڵپشتیکردن لە غەززە نیشانداوە.
ئەوەیشی خستووەتەڕوو، عەلی خامەنەیی ڕوونیشی کردووەتەوە، ئەگەر یارمەتییە سەربازیی و سیاسییەکانی ئەمریکا نەبێت، ئەوە ئیسرائیل ناتوانێت لە ئەنجامدانی ھێرشەکانی بۆسەر غەززە بەردەوام بێت، بۆیە ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی لەو تاوانانەی کە ئیسرائیل لە غەززە ئەنجامیان دەدات، بەشدارن.
ڕاشیگەیاندووە کە پێشڤەچوونی باش لە ھاریکارییەکانی نێوان عێراق و ئێران لە بوارەکانی ئەمنی و ئابوورییدا بەدی ھاتووە.
بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە تاران پایتەختی ئێران.