Barış Seçkin
18 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 18 کانوونی دووەم 2023
رۆما - AA
سەرۆکی ئۆکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی رایگەیاند کە سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین بە دوای دەرچەیەکدا دەگەڕێت بۆ دەرچوون لەو جەنگەی لەگەڵ وڵاتەکەیدا هەیەتی.
ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ رۆژنامەنووس برونۆ ڤیسپا لە میانی بەرنامەی ''پۆرتا ئا پۆرتا'' کە لە تەلەڤیزیۆنی RAIی ئیتاڵی بڵاوکرایەوە، وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە و باسی لە جەنگی رووسیا-ئۆکراینا و پێشهاتەکانی جەنگەکە کرد.
سەرۆکی ئۆکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی باسی لەوە کرد کە تاکتیکی رووسیا لەبارەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی بەلای ئەمانەوە هیچ واتایەکی نییە.
ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی ئاماژەی بەوە کرد، ڤلادیمیر پوتین دەرکی بەوە کردووە کە بەو جەنگە هەڵەیەکی کردووە و گوتی: ''پوتین بەدوای دەرچەیەکدا دەگەڕێت بۆ دەرچوون لەم جەنگە، چونکە ئەوە هەڵەیەک بوو. ئەمە بە کۆمەڵگای خۆی ناڵێت، بەڵام ئەو دەرکی بەوە کردووە کە ئەوە هەڵەیەکی گەورەیە. لەبەرئەوە بەدوای دەرچەیەکدا دەگەڕێت و چەکە ئەتۆمییەکانیش رێگایەکی دەرچوون نین''.
سەرۆکی ئۆکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی ئەوەشی خستەڕوو کە بە دووری نازانێت لە دوای سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین سەرکردەیەکی "توندتر" بچێتە کرملین.
ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی باسی لەوەیش کرد کە گەورەترین چاکسازی بۆ ئۆکراینا ئەوەیە بچێتە یەکێتیی ئەورووپاوە و سەرەڕای ئەوەی لە جەنگدان، بەڵام کاریان کردووە بۆ پێشخستنی چاکسازییەکان لە دەوڵەتدا.
گوتیشی: "ئەگەر پوتین رانەگرین جەنگی جیهانیی سێیەم بەرپا دەبێت، چونکە کاتێک ئەو پۆڵەندا و وڵاتانی بەلقانی داگیر کرد، کەس هیچ شتێک ناکات، بەڵام هەموو دەکەونە جەنگەوە. ئیتاڵیا، فەڕەنسا، ئەمریکا و شانشینی یەکگرتوو، تەنانەت هەموو وڵاتانی ناتۆ، بۆ ئەوەی نیشانی بدەن کە ناتۆ بەڕاستی هەیە ناچارن بچنە جەنگەوە".
سەرۆکی ئۆکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی ئاماژەی بەوەیش کرد کە چاوەڕوانن سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا، جۆرجیا میلۆنی سەردانی کیێڤ بکات.