Davit Kachkachishvili
28 شوبات 2023•نوێکردنەوە: 28 شوبات 2023
کیێڤ – AA
سەرۆکی ئۆکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسکی رایگەیاند، بۆ راگرتنی پەلامارەکانی رووسیا پێویستییان بە فڕۆکەی جەنگیی نوێ هەیە.
ڤلۆدۆیمیر زێلێنسکی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ئاماژەی بە بەردەوامی پەلامارەکانی سوپای رووسیا بۆسەر وڵاتەکەی کرد و گوتی: "٢٧ی شوبات هێزەکانی رووسیا بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان پەلاماری چەندین خاڵیان داوە لە ئۆکراینا".
سەرۆکی ئۆکراینا سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە ١١ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانیان لە کۆی ١٤ فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکە خستووەتە خوارەوە و گوتی: "هێزەکانی بەرگریی ئاسمانیی تاکوو لەتوانایاندا بێت بەتوندترین شێوە بەرەنگاری پەلامارە ئاسمانیی و مووشەکییەکانی رووسیا دەبنەوە. کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی کایەی ئاسمانیی ئۆکراینا، پابەندە بە فڕۆکەی جەنگیی نوێوە".
ڤلۆدۆیمیر زێلێنسکی سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە لە ئەگەری پێدانی فڕۆکەی جەنگیی پێشکەوتوو، ئەوا بەشێوەیەکی کاریگەرتر رێگە لە پەلامارەکانی رووسیا دەگرن و گوتی: "بۆیە پێویستییمان بە فڕۆکەی جەنگیی نوێ هەیە و بەم جۆرە دەتوانین لە تەواوی ناوچەکان دەوڵەت لە تیرۆری رووسیا بپارێزین".
زێلێنسکی سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە بە تایبەت لە ناوچەی دۆنێتسک پێکدادانەکان بەچڕی بەردەوامن و هەوڵەکانی سەربازانی ئۆکراینای لە بەرگریکردن لە باخموت و شارەکانی دیکەی ئۆکراینا بەرامبەر پەلامارەکانی رووسیا بەرز نرخاند.