ئیستانبوڵ – AA
دیسانەوە باس لە دروستکردنی هاوپەیمانییەتێکی سەربازیی هاوشێوەی ناتۆ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرێت کە ساڵانێکی دوورودرێژ ببووە باسوخواس.
بۆچوونی دروستکردنی هاوپەیمانییەتێکی سەربازیی کە بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی ئەو هەڕەشانەی ئێران دروستی کردوون و بەرەنگاربوونەوەی داعش و ئەلقاعیدە هاتە ئارا، گوزارشت بوو لە هاوپەیمانییەتێکی سەربازیی کە لە شەش وڵاتی ئەندام لە کۆنسەی هەماهەنگی کەنداو و میسر و ئوردن پێک دێن.
بۆ ئەم مەبەستە یەکەمجار ئەمریکا کەوتە خۆی و سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ دوای ئەوەی لە ٢٠١٨ تاکلایەنە لە رێککەوتننامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران کشایەوە، ئیدارەی واشنتۆن دەستی کرد بە هەوڵەکانی بۆ دروستکردنی ناتۆیەکی عەرەبی. ترەمپ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە ٢٠٢٠ رای گشتی لەوە ئاگادار کردەوە کە هاوپەیمانییەتییە نوێیەکە ناتۆی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە کورتکراوەکەی NATOMEە دەبێت.
شای ئوردن، عەبدوڵڵای دووەم ٢٤ی حوزەیران لە میانی هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی CNBCی ئەمریکی هەمان بۆچوونی هێنایەوە بەرباس. عەبدوڵڵای دووەم ئاماژەی بەوە دا کە ئەو پشتیوانی لە دروستکردنی هاوپەیمانییەتییەکی سەربازیی هاوشێوەی ناتۆ دەکات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گوتی: "پێویستە دیدگا و ئەرکی پێکهاتەیەکی لەم جۆرە زۆر بە روونی پێناسە بکرێت، ئەگینا سەر لە خەڵک دەشێوێت".
پسپۆڕان ئاماژە بەوە دەدەن کە عەبدوڵڵای دووەم بۆیە دەیهەوێت هاوپەیمانییەتییەکی نوێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست بکرێت تاکوو "هەژموونی هێزەکانی هاوپەیمانی ئێران لە باشووری سووریا کەم بکاتەوە و چالاکییەکانی قاچاخچێتیکردن بە چەک و مادەی هۆشبەر لەلایەن میلیشیا شیعەکان لە سووریا کە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینایان بە دەرفەت زانیووە بۆ زیادکردنی ئەم جۆرە چالاکییانە سنووردار بکات".
کاتێک سەرنج دەدرێتە گوتەکانی شای ئوردن، دەردەکەوێت ئیدارەی ئوردن لە کاتێکدا بوونی رووسیا لە سووریا وەک "سەرچاوەیەکی باش بۆ سەقامگیری" دەبینێت، بەڵام گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە سنووری ئوردن وەک "هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی" سەیر دەکات.
هەر جۆرە هاوپەیمانییەتییەک کە ئەمریکا، ئوردن یان ئیسرائیل دەیهەوێت دروست بێت، ئامانج لێی سنووردارکردنی چالاکییەکانی ئێران، سوپای پاسدارانی ئێران و هێزە هاوپەیمانییەکانی ئێرانە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری ئەو وڵاتانە.
- گۆڕانکاری هاوکێشەکان لە ناوچەکە
هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ دروستکردنی هاوپەیمانییەتییەکی سەربازیی بە ناوە جیاوازەکانی وەک ناتۆی عەرەبی و هاوپەیمانییەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ کەمکردنەوەی هەژموونی ئێران لە ناوچەکە، ئەنجامی نەبوو. پێش ناچێت دەستپێشخەرییەکەی عەبدوڵڵای دووەم شانسی لە دەستپێشخەرییەکەی ئەمریکا زیاتر بێت.
هاوپەیمانییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان و پەیوەندییەکانی نێوان زۆربەی وڵاتان کە لە ناوچەکە کاریگەرن، وەک سەردەمی پێش هاتنە سەر تەختی سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایدن لە کانوونی دووەمی ٢٠٢١ نییە.
لەبەرئەمە دەستپێشخەرییەکەی شای ئوردن و کاتەکە رووبەڕووی ژمارەیەک بەربەست بووەتەوە کە رێگرن لە دروستکردنی هاوپەیمانییەتییەکی لەم جۆرە.
بۆ نموونە ئیماراتن لەم ماوەیەی دواییدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ سووریا نوێ کردەوە، بەشار ئەسەد لە ٢٠١١ەوە تاکوو ئێستا ئیمارات تاکە وڵاتێکی عەرەبی بووە سەردانی بکات. ئیمارات کە وڵاتێکی کاریگەرە لە ناوچەکە لە ٢٦ی حوزەیراندا بە راشکاوی هەڵوێستی خۆی لەبارەی هاوپەیمانییەتییەکی سەربازی ناوچەیی راگەیاند.
رۆژنامەی The Wall Streetی ئەمریکی بڵاوی کردەوە کە ئیمارات لەگەڵ هاوپەیمانییەتییەکی سەربازی ناوچەیی یان هەماهەنگییەکی لەم جۆرەدا نییە.
ئەم لێدوانانە ئاماژە بە هەوڵە بێ ئەنجامەکانی ئەمریکا دەدەن بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەتییەکی سەربازیی کە ئیسرائیلیش تیایدا هاوبەش بێت لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ئێران.
هەروەها جۆ بایدن لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بەو هەڕەشانە کرد کاتێک باسی لە ئامانجی بەشداریکردنی لەو لووتکەیەدا کرد کە سعوودیە بەنیازە لە ناوەڕاستی مانگی تەمموزدا ئەنجامی بدات.
بە هەمان شێوە رەنگە چەقبەستنی دانوستانە ئەتۆمییەکان کە ساڵی رابردوو لە ڤیەننا پایتەختی نەمسا دەستی پێکردبوو، بە هۆی ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، بە گواستنەوەی دانوستانەکان بۆ دۆحەی پایتەختی قەتەر چارەسەر بکرێت.
دوای سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لە ٢٥-٢٦ی حوزەیران بۆ سعوودیە، دەرکەوت کە دەکرێت پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی نێوان ریاز و تاران لە بەزوویی دەست پێبکاتەوە.
سهرۆك وهزیرانی عێراق كه له نیسانی ٢٠٢١ەوە میوانداری گفتوگۆی راستەوخۆی نێوان بهرپرسانی ئێران و سعوودیهی كردووه، له میانی سەردانەکانیدا بۆ واڵاتانی ناوچهكه، چووه ئێران و لهگهڵ سهركۆماری ئێران، ئیبراهیم رهیسی كۆبووهوه.
کازمی لەمیانی کۆنگرە رۆژنامەوانییە هاوبەشەکەی لەگەڵ سەرکۆماری ئیران، رەئیسی لە تاران رایگەیاند، لەسەر پشتیوانیکردن لە ئارامیی ناوچەکە و ئاگربەست لە یەمەن رێککەوتوون.
میدیاکانی عێراق هەروەها بڵاویانکردەوە، کازمی پەیامێکی لە شازادەی جێنشینی سعوودیە، محەمەد بن سەلمان-ەوە بۆ رەئیسی ناردووە کە تێیدا هاتووە "پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و سعوودیە بە شێوەیەکی نیمچە فەرمی دەستیپێکردووەتەوە، لە ئێستادا نێوەندگیری عێراق کۆتایی هاتووە".
- پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە بیرۆکەی هاوپەیمانی قورس دەکات
ئەو لێدوانانەی کە لەلایەن بەرپرسانی ئیسرائیل-ەوە دراون، جددییەتی حکوومەتی تەلئەبیب ئاشکرا دەکەن لە دامەزراندنی هاوپەیمانییەکی سەربازی کە دەوڵەتانی عەرەبی و کەنداو لەخۆدەگرێت و ئیسرائیل گرنگترین رۆڵی تێدا دەبینێت.
بەگوێرەی لێدوانەکانی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، بینی گانتز و میدیاکانی ئیسرائیل "تەلئەبیب، سیستەمی راداری پێشکەوتووی لە وڵاتانی کەنداو داناوە بۆ چاودێریکردنی چالاکییەکانی ئێران"، ئیسرائیل کاردەکات بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی بەرگریی ناوچەیی بە سەرکردایەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکان.
شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن کە کۆبوونەوەی سەرکردەکانی وڵاتانی ناوچەکە لە کاتێکدا ئەنجام دراوە کە گرژییەکانی نێوان ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکا جارێکی دیکە لە ناوچەکەدا پەرەی سەندووە.
ئەم پێشهاتانە ئەوە نیشان دەدەن کە تەنیا ئیسرائیل فشار دەخاتە سەر ئەم جۆرە هاوپەیمانییە ناوچەییانە، ئەگەرچی لە ژێر چاودێری ئەمریکاشدایە.
بەگوێرەی میدیاكانی ئەمریكا، لە مانگی ئاداردا، ئیدارەی واشنتۆن كۆبوونەوەیەكی ژێربەژێری لە شاری شەرم شێخی میسر ئەنجامدراوە كە فەرماندە باڵاكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل و سەركردەكانی وڵاتانی عەرەبی و كەنداو ئامادەی بوون و تیایدا باس لە پێکهێنانی هاوپەیمانی دژی ئێران كراوە.
بە لەبەرچاوگرتنی پەیوەندییەکانییان لەگەڵ ئێران رەنگە عومان، قەتەر و عێراق کە بڕیارە بەشداری لە لووتکەی ئەمریکا و عەرەب بکەن کە لە چوارچێوەی سەردانەکەی سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن بۆ سعوودیە بەڕێوەدەچێت، بەشداری لەو هاوپەیمانییەدا نەکەن کە بڕیارە بۆ بە ئامانج گرتنی ئێران پێکبهێنرێت. چونکە پەیوەندی ستراتیجی، ئابووری، ئەمنی و هاوکاری لە نێوان ئەم وڵاتانە و ئێران و هەروەها دراوسێکانیان هەیە.
هەروەها میسر پێی وانییە کە ئێران مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەی دروست بکات. بۆیە پێدەچێت گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان ئەو وڵاتانەی کە رۆڵی کارایان هەیە، ئیسرائیل لە مامەڵەکردن لەگەڵ هەڕەشەکانی ئێران-دا بە تەنیا جێبهێڵێن.
news_share_descriptionsubscription_contact



