Sayed Khodaiberdi Sadat
23 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 23 ئەیلوول 2020
کابول - AA
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئاشتەوایی نیشتمانیی لە ئەفغانستان، عەبدوڵڵا عەبدوڵڵا سەبارەت بەو دانوستانانەی کە لە قەتەر لەگەڵ تاڵیبان درێژەیان هەیە رایگەیاند ''ئامانجمان ئەوەیە دانوستانەکانمان لەگەڵ تاڵیبان ئەنجامی ئەرێنیی هەبێت، ئەوەشی لەدەستمان دێت لەو بارەیەوە ئەنجامی دەدەین''.
عەبدوڵڵا عەبدوڵڵا لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە لە پێناو کۆتاییهێنان بەو جەنگەی کە ماوەی ٤٢ ساڵە لە ئەفغانستان درێژەی هەیە، دانوستانەکانی نێوان شاندەکانی تاڵیبان و ئەفغانستان لە قەتەر درێژەیان هەیە.
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئاشتەوایی نیشتمانیی لە ئەفغانستان، عەبدوڵڵا عەبدوڵڵا باسی لەوە کرد کە کێشەیەکی وا دورودرێژی چەند ساڵە لەماوەی چەند رۆژێکدا چارەسەر ناکرێت، لەبەرئەوەی کە زۆر بابەت هەیە پێویستە هەڵوێستە و دانوستانی لەسەر بکرێت.
گوتیشی: ''دانوستانەکانی نێوان تاڵیبان و شاندی ئەفغانستان بەردەوامە. بەدڵنیایییەوە لەبەر بوونی جیاوازی بیروبۆچوون ئەو گفتوگۆیانە درێژە دەخایەنن''.
- ئامانج دەستەبەرکردنی ئاشتییەکی درێژخایەنە
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئاشتەوایی نیشتمانیی لە ئەفغانستان، عەبدوڵڵا عەبدوڵڵا باسی لەوە کرد کە قۆناغی دانوستان قۆناغێکە پەیوەستە بە کاتەوە، لەبەرئەوەی رەنگە لە میانی دانوستانەکاندا ژمارەیەک کێشە سەرهەڵبدەن کە ئەوانەش هەر بە دانوستان هەنگاو بە هەنگاو چارەسەر دەکرێن.
عەبدوڵڵا عەبدوڵڵا هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ئامانج ئەوەیە بە رێککەوتنی هەردوولا ئاشتییەکی درێژخایەن لە ئەفغانستان دەستەبەر ببێت و گەلی ئەفغانستان لە ئایندەدا لە ئاشتیی و ئارامیدا بژی.
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئاشتەوایی نیشتمانیی لە ئەفغانستان، عەبدوڵڵا عەبدوڵڵا ئەوەشی خستەڕوو کە شتێک نییە لەبارەی ئەوەی هەموو داخوازییەکانی ئێمە یان سەرجەم داخوازییەکانی تاڵیبان قبوڵ بکرێت و گوتی: ''پێویستە هەڵوێستە لەسەر بابەتەکان بکرێت بەشێوەیەک کە هەردوولا بگەن بە ئەنجام''.
گوتیشی: ''ئامانجمان ئەوەیە دانوستانەکانمان لەگەڵ تاڵیبان ئەنجامی ئەرێنیی هەبێت و ئەوەی لەدەستمان دێت لەو بارەیەوە ئەنجامی دەدەین. ئەگەر دانوستانەکان دەرەنجامی ئەرێنیی نەبێت ئەوا هەواڵێکی زۆر خراپ دەبێت بۆ گەلی ئەفغانستان''.
عەبدوڵڵا عەبدوڵڵا هەروەها باسی لەوە کرد کە لەنێوان هەردوولادا، بۆچوون و داخوازی جیاواز هەیە و هەموو بابەتەکان دەخرێنە سەر مێزی گفتوگۆ، چونکە شاندەکان دەسەڵاتی بڕیاردانیان هەیە.