Alaattin Doğru
18 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 18 ئەیلوول 2021
پاریس- AA
دوای ئەوەی ئوسترالیا پڕۆژەیەکی تایبەت بە درووست کردنی ژێردەریایی لەگەڵ فەڕەنسا هەڵوەشاندەوە و لەگەڵ ئەمریکا رێککەوت، حکومەتی پاریس باڵیۆزی وڵاتەکەی لە واشنتۆن و کانبێرا بانگێشت کردەوە.
لەو بارەیەشەوە وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا راگەیهندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا ئەوەی خستوەتەڕوو کە بە فەرمانی سەرکۆمار، ئیمانوێل ماکرۆن، بە ئامانجی راوێژ پێ کردن، باڵیۆزەکان بەشێوەیەکی خێرا بانگێشت کراونەتەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوەش کراوە کە ئەم بڕیارە لەو جدییەتەوە سەرچاوەی گرتووە کە لە راگەیەندراوەکانی ١٥ی ئەیلوولی ئەمریکا و ئوسترالیادا بەدی دەکرێت و هاتووە: "وازهێنانی ئوسترالیا لە پڕۆژەیەکی تایبەت بە درهوست کردنی ژێردەریایی کە لە ساڵی ٢٠١٦وە لەگەڵ فەڕەنسا واژووی کردووە و بەشداریی کردنی لە هاوپەیمانییەکی نوێدا لەگەڵ کە ئامانج لێی درووست کردنی چەند ژێردەریاییەکە کە بە وزەی ئەتۆم کار دەکەن، ئەم هەڵوێستە بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ پەیوەندیی نێوان دوو هاوپەیماندا ناگونجێت. ئەنجامەکانی ئەم کارەش کاریگەریی دەکاتە سەر هاوپەیمانیی نێوانمان و گرنگی ناوچەی زەریای هێمن و زەریای هیندیی بۆ ئەورووپا".
جێی وەبیرهێنانەوەیە رۆژی ١٦ی ئەیلوول هەریەک لە سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، بۆریس جۆنسن و سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا، سکۆت مۆریسن بەشێوەی ئۆنڵاین کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییان ساز کرد و ئاشکرایان کرد، لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەتییەکی نوێی ئەمنیدا هەرسێ وڵات بە هاوبەشی کار لەسەر بەکارهێنانی وزەی ئەتۆم لە درووست کردنی ژێردەریاییدا دەکەن.