Yusuf Özcan
13 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 16 ئەیلوول 2020
پاریس ــ AA
لە پاریسی پایەتەختی فەڕەنسا، جارێكی دیكە لەسەر بانگهێشتی ئێلەگ زەردەكان، خۆپیشاندان ئەنجامدرایەوە كە ماوەی چوار مانگ بوو بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19) هەڵپەسێردرابوو.
لە میانی خۆپیشاندانەكەدا، هێزە ئەمنییەكان گازی فرمێسكڕێژیان بۆ بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندەران بەكارهێنا.
كەناڵی "سی نیوز" بڵاوی کردەوە كە پۆلیسی فەڕەنسا لە میانی خۆپیشاندانی ئێلەگ زەردەكان لە پاریس، 222 كەسی دەستگیركردووە، هەروەها گازی فرمێسكڕێژی بۆ بڵاوە پێ كردنی خۆپیشاندەران بەكارهێناوە.
هاوكات ماڵپەڕی "فرانس 24" لە ژمارەیەك سەرچاوەی پۆلیس بڵاوی كردەوە كە چوار بۆ پێنج هەزار كەس لە ئێلەگ زەردەكان لە پاریس گردبوونەتەوە و درێژەیان بە خۆپیشاندانەكانیان داوە.
لای خۆیەوە فەرماندەی پۆلیسی پاریس، دیدییە لالمان رایگەیاند، هەر گردبوونەوەیەكی ئەو كەسانەی كە خۆیان بە بەشێك لە بزووتنەوەی ئێلەگ زەردەكان هەژمار دەكەن لە شارەكە، قەدەغەكراوە.
دوێنێ شەممە، جارێكی دیكە لە پاریسی پایەتەختی فەڕەنسا لەسەر بانگهێشتی ئێلەگ زەردەكان، خۆپیشاندان ئەنجامدرایەوە كە ماوەی چوار مانگ بوو بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ هەڵپەسێردرابوو.
لە میانی خۆپیشاندانەكاندا، سەدان خۆپیشاندەر لە گۆڕەپانی "واگرام" لە پاریس گردبوونەوە و دورشمی جیاجیایان دژبە سەركۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماكرۆن و حكوومەتی فەڕەنسا گوتەوە.
لە میانی خۆپیشاندانەكەدا، رووبەڕووبوونەوە و پێكدادان لەنێوان پۆلیس و خۆپیشاندەراندا روویدا كە لە میانیدا هێزە ئەمنییەكان گازی فرمێسكڕێژیان بۆ بڵاوە پێ كردنی خۆپیشاندەران بەكارهێنا.
هاوكات پۆلیسی فەڕەنسا لە میانی خۆپیشاندانەكەی ئێلەگ زەردەكان لە پاریس رێوشوێنی ئەمنی چڕی گرتەبەر و شەقامی چامپس- ئیلیزێ-ی داخست.
هاوكات خۆپیشاندانی ئێلەگ زەردەكان لە شارەكانی ستراسبۆرگ، لیۆن، بۆردۆ و تۆلۆز ئەنجامدرا كە لە میانیدا، 30ی وێستگەی میترۆ داخران.
ئێلەگ زەردەكان خۆپیشاندانەكانیان لە 17ی تشرینی دووەكی 2018 دژبە پێشنیازێكی حكوومەتی فەڕەنسا لە هەمبەر هەمواركردنی سیستەمی خانەنشین ئەنجام دەدەن.
حكوومەتی فەڕەنسا سوورە لەوەی جێبەجێكردنی ئەوەی كە ناوی لێ ناوە "چاكسازیەكان لە سیستەمی خانەنشین"، بەڵام سەندیكاكان داوا دەكەن ئەو پێشنیازە جێبەجێ نەكرێت.
لە سەرەتای خۆپیشاندانەكانی فەڕەنسا بەهۆی هێرشی پۆلیسەوە بۆسەر خۆپیشاندەران، 11 كەس كوژراون و 25ی دیكەیش بینیان لەدەستداوە، هەروەها دەستی پێنج كەس بڕاوەتەوە و هەزاران كەسی دیكەیش برینداربوون.