سلێمانی
ئەمڕۆ یەکشەممە ٣ی تشرینی دووەم، کەسوکاری قوربانیانی ١٧ی شوبات، لەبەردەم بینای دادگای سلێمانی گردبونەوەیەیان ئەنجامدا و یاداشتنامەیەکیان یۆ رای گشتی بڵاوکردەوە.
لە یاداشتێکدا ماڵباتی قوربانیان، نیگەرانی خۆیان نیشانداوە کە دوای تێپەڕینی سێ ساڵ بەسەر ڕووداوەکەدا، تائێستا بکوژان دەستگیر نەکراون.
لە بەشێکی یاداشتەکەدا ھاتووە: لەسەروبەندی پێکھێنانی حکومەتی نوێدا، داواکارین لەلایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن دەستگیرکردن و ڕادەستکردنی تاوانبارن بکەنە پێش مەرجێک بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ ھەرلایەک کە حکومەت پێکدەھێنێ.
پارێزەری کەسوکاری قوربانیانی ١٧ی شوبات عوسمانی شێخ سدیق، بۆ ڕۆژنامەنووسان گوتی: "لێکۆڵینەوەکان لەو قۆناغەدا وەستاوە کەبڕیاری دەستگیرکردن دەرچووە بۆ تۆمەتباران، بەڵام بڕیارەکە لەلایەن دەسەڵاتی جێبەجێکردن و پۆلیسەوە جێبەجێ ناکرێ، وەکو بنەماڵەی شەھیدان داوایان لێکردوین لەم قۆناغە بەدواوە لەڕێی داواکاری گشتییەوە سکاڵا تۆمار بکەین لەسەر بەرپرسانی پۆلیس کە بەرپرسیاری جێبەجێ کردنی بڕیارەکەن."
رۆژی ١٧ی شوباتی ٢٠١١ دوای بەڕێوەچونی خۆپیشاندانێک لەشاری سلێمانی بۆ پشتیوانی خۆپیشاندانەکانی تونس و میسر، خۆپیشاندەران لەبەردەم لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوەو گرژی و پێکدادان لەنێوان خۆپیشاندەران و پاسەوانی بارەگەدا سەریھەڵدا، لەو رۆژەدا گەنجێک کوژراو زیاتر لە٥٧ کەسی دیکە بریندار بوون، دواتر خۆپیشاندان و پێکدادان ناوچەکانی دیکەی پارێزگای سلێمانی گرتەوە، ئەنجامەکەیشی بە کوژرانی ١٠ کەس لەخۆپیشاندەرو پۆلیس و برینداربوونی دەیان کەسی دیکە کۆتایی پێھات.