Dilşad Seyfeddin Ahmed
19 تشرینی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 20 تشرینی یەکەم 2015
سلێمانی
پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لە شاری سلێمانی رایگەیاند لە سەرلەبەیانی ئەمڕۆوە ژمارەیەكی زۆری هێزی ئەمنی لە پۆلیسی چالاكییە مەدەنییەكان و ئاسایش لەسەر شەقامی سالم و بەردەم بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی سلێمانی و دەوروبەری بڵاوەیان پێكراوە بۆ ڕێگرتن لە بەردەوامی خۆپیشاندانی مامۆستایان.
ئەو هێزانە بەدرێژایی ئەو شەقامە بڵاوەیان پێكراوە و رێگری دەكەن لە هاتنە ناوەوەی مامۆستایان بۆ سەر شەقامە سەرەكییەكە.
لە ئێستادا مامۆستایان كە ژمارەیان سەدان كەس دەبێت لە بەرامبەر پەروەردەی سلێمانی و لەسەر شۆستەكە گردبوونەتەوە و تا دێت ژمارەیان زیاتر دەبێت و هوتاف دژی دواكەوتنی مووچەكانیان دەڵێنەوە، لە بەرامبەردا هێزە ئەمنییەكان بە وردی چاودێری خۆپیشاندانەكە دەكەن و رێگری لەدەزگاكانی راگەیاندنیش دەكەن روماڵی خۆپیشاندانەكە بكەن.
ئەندامێكی لقی سلێمانی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاشكرای كرد، لەلایەن هێزەکانی ئەمنییەوە ئاگادار كراونەتەوە بە كۆتایی هێنان بە خۆپیشاندانەكان و گرتنی رێگا سەرەكییەكان، بەپێچەوانەوە ناچار دەبن بڵاوەیان پێبكەن.
نزیكەی 20 رۆژە مامۆستایانی سنووری پارێزگای سلێمانی دەستیان بە مانگرتن و خۆپیشاندان كردووە و رۆژانە لەسەر شەقامی سەرەكی سالم و بەردەم بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی سلێمانی خۆپیشاندان دەكەن.
بەو هۆیەوە هاتوچۆ لەشەقامی سەرەكی سالم پەكی كەوتووە و ئاستەنگی گەورەی هاتوچۆ لەو شەقامەدا دروست بووە.
پاش نیوەڕۆی دوێنێ بەڕێوەبەری نزیكەی 90 خوێندنگای ناو شاری سلێمانی كۆبوونەوەیەكیان لە خوێندنگەی ئاسودە لە شاری سلێمانی ئەنجامدا و بە مەرجی جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان لە ماوەی مانگێكدا مانگرتن و خۆپیشاندانیان هەڵپەسارد.
بەڵام بەشێك لە مامۆستایان مكوڕبوونی خۆیان لەسەر بەردەوامی مانگرتن و خۆپیشاندان دووپاتكردەوە و ئاماژەیان بەوە كرد ئەو مامۆستایانە نوێنەرایەتی خۆپیشاندانەكان ناكەن.
ئەمڕۆش لە زۆربەی خوێندنگاكانی شارەكەدا پڕۆسەی خوێندن دەستی پێكردەوە و قوتابیان دوای 20 رۆژ رویان لە خوێندگاكانیان كردەوە.