Hawkar Yaseen M Amin Mohammed Amin
06 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 06 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر - AA
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان قوباد تاڵەبانی لە هەولێر پێشوازیکرد لە جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق دەیڤد کۆپلی و شاندێكی یاوەری.
نووسینگەی رۆژنامەوانی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەیەکدا کە کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەولێر ڕۆب واڵەر تێیدا بەشداربوو، دۆخی عێراق و ناوچەكە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا تاوتوێ کران.
بەپێی راگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق، ئامادەیی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕی بە تایبەتی لە بوارەكانی بازرگانی و وەبەرهێنان.
لای خۆشیەوە قوباد تاڵەبانی ستایشی هاوكارییە ئەمنییەكانی ئەمریكای كرد بۆ عێراق و هەرێمی كورستان، بەرنامەی چاكسازی حكوومەتی هەرێمیشی بۆ شاندی میوان روونكردەوە، هەروەها تیشكی خستە سەر دوا پێشهاتی گفتوگۆكان لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵی بەغدا.
بە پێی ئەم هەواڵە، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان قوباد تاڵەبانی لە کۆبوونەوەکەدا "جەختی لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی کردەوە بەپێی رێككەوتنێكی گشتگیر و درێژخایەن لەسەر بنەمای بڕگەو ماددەكانی دەستوور".