Muhammet Ali Kemal,Hemın Othman Mohammed
26 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 27 کانوونی دووەم 2016
دوای ئەوەی بەفەرمی هەفتەی رابردوو سزاکانی سەر ئێران کە بەهۆی بەرنامە ناوەکییەکەیەوە سەپێنرابوو بەسەریدا، هەڵگیرا، سەرکۆماری ئێران حەسەن رۆحانی یەکەم سەردانی خۆی لە نێو وڵاتانی خۆرئاوا بۆ ئیتاڵیا ئەنجام دا و لە مۆزەخانەی مێژوویی کاپیتۆلینی لە رۆمای پایتەخت لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا ماتیۆ رێنزیدا کۆبوویەوە.
دوای ئەوەی کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵییان ئەنجام دا، هەریەک لە رۆحانی و رێنزی بەشدارییان لە مەراسیمی واژۆکردنی ١٧ رێکەوتننامەی بازرگانی و ئابووریدا کرد کە دەبێتە هۆی دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان ئیتاڵیا و ئێران.
رێکەوتننامەکان کە ٧یان لە نێوان ئێران و ئیتاڵیادایە وەک دوو دەوڵەت و١٠ رێکەوتننامەکەی دیکەیان لە نێوان دامەزراوەکانی ئەو دوو وڵاتەدایە، لەلایەن وەزیرە پەیوەندیدارەکان و بریکارانی وەزیرەکان و نوێنەرانی دامەزراوەکانەوە، واژۆ کران.
ئەو رێکەوتننامانەی واژۆ کراون، هەریەک لە بەرەوپێشبردنی ژمارەیەک لە رێگا ئاسنینەکانی ئێران لەلایەن دامەزراوەی رێگا ئاسنینەکانی حکوومەتی ئیتاڵیاوە، دروستکردنی شەمەندەفەری خێرا، هاریکاری نێوان کۆمپانیاکانی بواری تەندروستی و دەرمانسازی، هاریکاری نێوان کۆمپانیاکانی وزە وەک سایپێم و کۆمپانیای گازی ئێران و بەکارهێنانی زیاتری بەندەری ترێست لەلایەن ئێرانەوە، لەخۆ دەگرێت.
لەدوای بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی واژۆکردنی رێکەوتننامەکانەوە، رێنزی روونکردنەوەی دایە دەزگاکانی مێدیا و وێڕای ئاماژەدان بەو خۆشحاڵیی خۆی بەهۆی ئەوەی سەرکۆماری ئێران حەسەن رۆحانی لە چوارچێوەی کرانەوەی وڵاتەکەیدا بەڕووی خۆرئاوادا، یەکەم وڵات سەردانی ئیتاڵیای کردووە، رایگەیاند: ''دۆستایەتی مێژوویی نێوان گەلەکانمان بەردەوام دەبێت'' و باسی لەوە کرد ئەوان ئەمڕۆ رێگای ئاوریشمیان نوێ کردووەتەوە کە لە نێوان وڵاتەکانیاندایە.
ماتیۆ رێنزی ئاماژەی بەوەشکرد ئەم سەردانەی رۆحانی ''ئاماژەی گۆڕانکارییەکی نایابە'' و گوتی:
''ئەو رێکەوتننامەیەی لە ڤیەننا واژۆ کرا، نەک تەنها بۆ ئێران، لەوانەیە ببێتە یەکەم هەنگاو بەرەو ئاشتی بۆ هەموو ناوچەکە. لە هەوڵی کارکردنداین پێکەوە. دەتوانرێت لەبارەی بابەتی سووریاوە دەست بە کارکردنی پێکەوەیی بکرێت. سەبارەت بە بابەتی ناوەکیی گەیشتینە رێکەوتنێک. دەتوانین لەبارەی بابەتی سووریاوە هەمووان پێکەوە بەرەو چارەسەرێکی ئاشتییانە و قۆناغێکی راگوزەری دیموکراتی، کار بکەین و بەرەنگاری تیرۆری داعش ببینەوە''.
رێنزی به روحانی راگه‌یاند كه ئیتاڵیا خوازیاری ئاشتییه بۆ ته‌واوی دۆسته‌كانی له ناوچه‌كه‌دا و گوتی: "ئه‌وه‌شم به دۆستانی سعوودیه و دۆستانی ئیسرائیلیمان گوتووه. دڵنیام سهركۆمار رۆحانی، ده‌توانێت رۆڵی سه‌ره‌كی بگێڕێت بۆ به‌دیهێنانی ئاشتی له ناوچه‌كه‌دا".
رێنزی، جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه كه كۆبوونه‌وه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ رۆحانی، هه‌لێكی نوێی ره‌خساندووه له په‌یوه‌ندییه دۆستایهتییهكانی نێوان هه‌ردوو وڵات و گوتی: "ئه‌م سه‌ردانه‌ی ئێوه. زۆر گرنگه له‌رووی سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر تیرۆردا. به‌بوونی ئێران به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر ئاسانتر ده‌بێت".
ئه‌وه‌ی بووه جێی سه‌رنج، كاتێ رێنزی له گوتاره‌كه‌یدا سعوودیه و ئیسرایلی به دۆستانمان ناوبرد كه دوو وڵاتن ململانێ‌یان له‌گه‌ڵ ئێران هه‌یه بۆیە حەسەن رۆحانی زهردهخهنهیەکی كرد.
له به‌رامبه‌ردا، رۆحانی كه یه‌كه‌م سه‌ركۆماری ئێرانه له ساڵی 1999ه‌وه هەتا ئیستا سه‌ردانی ئیتاڵیای كردووه، گوتی: "له ئیتاڵیا وا هه‌ست ده‌كه‌ین له نێو ماڵی خۆمان‌داین. په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ ئیتاڵیا له‌مێژینه‌یه. له‌به‌رئه‌وه گه‌شته‌كه‌مان بۆ ئه‌ورووپا له ئیتاڵیاوه ده‌ست پێ كرد".
رۆحانی، باسی له‌وه كرد كه وڵاته‌كه‌ی ده‌توانێت ببێته ناوه‌ندێكی كار بۆ ئیتاڵیا، له‌به‌رئه‌وه پێویسته وه‌به‌رهێنه‌رانی ئه‌ورووپی كارێك بكه‌ن تا سه‌رنجی ئێران به‌لای خۆیاندا رابكێشن.
سه‌ركۆماری ئێران رۆحانی، رێككه‌وتنه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی نێوان وڵاته‌كه‌ی و وڵاتانی 5+1ی به "موعجیزه‌یه‌كی سیاسی" ناوزه‌د كرد و گوتی: "ئه‌و شێوازه‌ی له رێككه‌وتنه مێژووییه ئه‌تۆمییه‌كه په‌یڕه‌و كرا، پێویسته به‌كاربهێنرێت له بنیاتنانی ئاشتییه‌كی سه‌قامگیر له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا. ئاسایشی ناوچه‌كه‌مان به رێگه‌ی سه‌ربازی ده‌سته‌به‌ر ناكرێت، به‌ڵكو به رێگای سیاسی ده‌سته‌به‌ر ده‌كرێت".
رۆحانی، ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه ئیتاڵیا و ئێران-یش ئاماده‌ی كاركردنن بۆ ئاشتی و گوتی: "ئێران له ریزی پیشه‌وه‌ی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆردایه. ئه‌گه‌ر وانه‌بوایه، دۆخه‌كه زۆر سه‌ختتر ده‌بوو. هاوشێوه‌ی ئه‌فغانستان، پێویسته ئێران و ئیتاڵیا به‌یه‌كه‌وه كار بكه‌ن بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی ئاشتی له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست".