Barış Seçkin
31 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 02 نیسان 2021
رۆما- AA
لەنێوان ئیتاڵیا و رووسیا قەیرانێکی نوێ دەستیپێکرد، ئەویش قەیرانی سیخوڕییە.
بەگوێرەی ئەو هەواڵانەی لە راگەیاندنەکانی ئیتاڵیا-دا بڵاوکراونەتەوە لە چوارچێوەی دۆسیەیەکی لێکۆڵینەوەی سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی رۆما، دەزگای هەواڵگری ئیتاڵیا و هێزە ئەمنییەکان، ئێوارەی دوێنێ لە ئۆپەراسیۆنێکدا کارمەندێکی باڵیۆزخانەی رووسیا لە رۆما و ئەفسەرێکی ئیتاڵییان دەستگیرکردووە.
باس لەوەشکراوە کە ئەفسەرە ئیتاڵییەکە لە کاتی تاوانەکەدا و کاتێک لە بەرامبەر پارە کۆمەڵێک زانیاری و بەڵگەی نهێنی بە کارمەندەکەی باڵیۆزخانەی رووسیا داوە، دەستگیرکراوە.
هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە ئەفسەرە ئیتاڵییەکە پێشتر لە ریزی هێزە دەریاییەکاندا فەرماندەی کەشتی بووە و لەئێستاشدا بەتۆمەتی سیخوڕی و دروستکردنی مەترسی لەسەر ئاسایشی دەوڵەت دەستبەسەرە و لێکۆڵینەوەش لە پێگەی دیپلۆماسی کارمەندە رووسەکە دەکرێت.
هەر لەسەر ئەم پێشهاتانە وەزارەتی دەرەوەی ئیتاڵیا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئەوە خراوەتەڕوو کە باڵیۆزی رووسیا لە رۆما بانگێشت کراوە.
ئەم قەیرانەش لە دوای شەڕی ساردەوە تا ئێستا گەورەترین قەیرانە لەنێوان مۆسکۆ و رۆما روویدابێت.