Emre Gürkan Abay,Hemın Othman Mohammed
26 شوبات 2019•نوێکردنەوە: 27 شوبات 2019
مۆسکۆ - AA
وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ ئاشکرایکرد لە جیهاندا درووستبوونی جیهانێکی نوێی فرە جەمسەر دەستیپێکردووە و رایگەیاند "زەمینەی یاسایی نێودەوڵەتی دابەش دەبێت، ئەمریکا هەموو شتێک پارچە پارچە دەکات".
سێرگی لاڤرۆڤ کە بە مەبەستی ئەنجامدانی ژمارەیەک دیدار و کۆبوونەوە سەردانی ڤیێتنام-ی کردووە لە کۆبوونەوەی یانەی نێودەوڵەتیی ڤاڵدای بۆ مشتومڕ، هەڵسەنگاندنی بۆ دوایین پێشهاتە سیاسییەکانی جیهان کرد.
لاڤرۆڤ جەختی لەوەکردەوە کە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ناتوانێت بە تەواوەتی نوێنەرایەتی ئەو ناوچانەی جیهان بکات کە لە پێشکەوتندان و گوتی: "تەنانەت ئەنجامدانی ریفۆرمێک لە ئەنجوومەنی ئاسایشدا درەنگ کەوتووە، چونکە توانای نوێنەرایەتییکردنی ئەو ناوچانەی نییە کە لە هەریەک لە ئاسیا، ئەفریقا و ئەمریکای لاتین لە پێشکەوتندان".
ئەمە جگە لەوەی بانگەشەی ئەوەشیکرد کە یەکێتیی ئەورووپا لە زۆر بابەتدا "دەستی بە کڵاوەکەی خۆیەوە گرتووە" و گوتی: "چیتر باسی ئەوە دەکەین کە لە جیهاندا درووستبوونی جیهانێکی نوێی فرە جەمسەر دەستیپێکردووە. زەمینەی یاسایی نێودەوڵەتی دابەش دەبێت، ئەمریکا هەموو شتێک پارچە پارچە دەکات. دەکرێت هەندێک لە پێشهاتەکانی ژمارەیەک ناوچەی ئۆراسیا وەک چوونەوە نێو قاوغەکەی خۆی، هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت. ئێمەش دەمانەوێت ژمارەیەک هەنگاو کە پڕۆسەیەکی گشتگیر دەست پێ بکات، بهاوێژین".
سێرگی لاڤرۆڤ باسی لەوەشکرد کە وڵاتانی خۆرئاوا لەبارەی پەنابەرانەوە هەنگاوی پێویستیان نەهاویشتووە و رایگەیاند "ئەوەی کە لیبیای بۆردومانکرد و کردییە کونێکی رەش، ئێمە نیین. ئێستاش پەیوەست بە چالاکییە تیرۆریستییەکان، هەڵاتن بەرەو باکوور بوونی هەیە. هەربۆیە ئێمە پێشنیاز دەکەین بەرپرسیارانی ئەم دۆخە بە شێوەیەکی راستەوخۆ گرنگیی بە بابەتەکە بدەن".