Mahmut Geldi
09 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 09 تەمووز 2020
بەیروت - AA
لە لوبنان بەهۆی قەیرانی ئابوورییەوە لیرەی لوبنانی نزیکەی سەدا ٨٠ی بەهاکەی لەدەستداوە ئەمەیش وایکردووە بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر نرخی هەموو ئەو خواردن و پێداویستییانە بەرزببێتەوە کە لە دەرەوەی وڵاتەوە هاوردە دەکرێن.
بەهەمان شێوە بووەتە هۆی دواکەوتنی هاوردەکردنی سووتەمەنیی و ئەمەیش کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر دابینکردنی وزەی کارەبا دروست کردووە، بەجۆرێک ماوەی بڕانی کارەبا لە شەو و رۆژێکدا، نزیکەی ٢٠ کاتژمێرە.
سەرۆکی مۆلیدەکانی لوبنان، عەبدۆ سەعادە لە لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەم کێشەیە کرد و ئەوەی ئاشکرا کرد کە کێشەی بڕانی کارەبا ساڵانێکی زۆرە لە لوبنان هەیە، بەڵام لەئێستادا ماوەی بڕانی کارەبای نیشتمانیی زۆر زیادی کردووە.
ناوبراو ئەوەیشی ئاشکرا کرد کە خاوەن مۆلیدەکان تووشی گرفتێکی زۆر بوون چونکە کاری ئەوان ئەوەیە کەموکوڕییەکانی کارەبای نیشتمانیی پڕبکەنەوە نەوەک تەواوی وزەی کارەبا دابین بکەن.
هەرچەندە بەیروت-ی پایتەخت بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی لوبنان لە رووی خزمەتگوزارییەوە باشترە، بەڵام بڕانی کارەبا ئەو شارەشی گرتووەتەوە.
زینە حەلوانی لە کافتریایەکی شاری بەیروت کاردەکات و سکاڵایەکی زۆری لە کێشەی کارەبا هەیە کە وادەکات خواردنەکان خراپ ببن و نرخەکان بەرزببنەوە، بەم هۆیەشەوە کڕیارێکی زۆریان لەدەستداوە.
چەند سەرچاوەیەکیش لە وەزارەتی وزەی لوبنان باس لەوە دەکەن بڕانی کارەبا لە هۆکارێک زیاتری هەیە و ئەو قەیرانەی ئێستاش دروستبووە هۆکارەکەی دواکەوتنی هاوردەکردنی سووتەمەنییە بۆ وێستگەکانی دروستکردنی وزەی کارەبا.
ئەو سەرچاوانە هۆکاری تەواوبوونی یەدەگەکانی سووتەمەنی ناوخۆی وڵات بۆ ترسی هاووڵاتییان دەگێڕنەوە کە لەم دۆخە نیگەرانن و لە ترسی گرانی سووتەمەنی لە ماڵەکانیاندا هەڵدەگرن.
لوبنان دوای ئەوەی لە ساڵانی ١٩٧٥-١٩٩٠ تووشی شەڕی ناوخۆ بوو، ژێرخانی ئەو وڵاتە دووچاری داڕمانێکی گەورەبوو و قەیرانی کارەباش یەکێک بوو لەو قەیرانە گەورانەی دوای شەڕی ناوخۆ بەرۆکی گەلی لوبنانی گرت کە وێڕای تەرخانکردنی چەندین بوودجەی گەورە نەتواندراوە لە میانی ٣٠ ساڵی رابردوودا ئەم قەیرانە چارەسەر بکرێت.