Muhammed Emin Canik
08 تشرینی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 08 تشرینی دووەم 2023
ئیستانبوڵ - AA
لیواکانی عێزەددین قەسامی باڵی سەربازیی حەماس بڵاویکردەوە کە لە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنی زەمینی بۆ سەر کەرتی غەززەی گەمارۆدراو تا ئێستا، ١٣٦ ئۆتۆمبێلی سەربازیی سەربە سوپای ئیسرائیلیان تێکشکاندووە.
گوتەبێژی لیواکانی قەسام، ئەبو عوبەیدە لە گوتارێکیدا کە لە تەلەڤزیۆنی ئەقسادا بڵاوکرایەوە، باسی لەوە کرد کە ئیسرائیل ڕێگریی دەکات لە ئازادکردنی ١٢ کەسی بیانیی کە حەماس دەستبەسەری کردوون.
ئەبو عوبەیدە ڕایگەیاند: "ئەوە ئیسرائیلە کە ڕێگرە لەبەردەم ئازادکردنی دەستبەسەرکراوە و بیانییەکاندا و، ژیانیان دەخاتە مەترسییەوە".
هەروەها ئەبو عوبەیدە باسی لەوە کرد ڕێککەوتنی دیل گۆڕینەوە تاکە بژاردەیە لەگەڵ ئیسرائیل و، ئاماژەی بەوە کرد کە لە گرتووخانەکانی ئیسرائیلدا ژن و کەسانی بەتەمەن و نەخۆش هەن و، لە دەستی حەماسیشدا دیل هەن.
گوتیشی: "لە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنی زەمینی بۆ سەر کەرتی غەززەی گەمارۆدراو تا ئێستا، ١٣٦ ئۆتۆمبێلی سەربازیی سەربە سوپای ئیسرائیلمان تێکشکاندووە".