Şerife Çetin
08 تشرینی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 09 تشرینی دووەم 2023
نیویۆرک - AA
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گوتێرێس ڕایگەیاند: "ژمارەی ئەو منداڵانەی لە شەڕ و پێکدادانەکانی یەک ساڵدا دەکوژران بە سەدان لەقەڵەم دەدرا، بەڵام لە ماوەیەکی کورتدا لە غەززە هەزاران منداڵ کوژراون. ڕوون و ئاشکرایە لە شێوازی سەربازیی (ئیسرائیل)دا هەڵەیەک هەیە".
لە میانی بەشداری کردنی لە بەرنامەیەکدا لە چوارچێوەی چالاکییەکدا کە لە ژێر ناوی "ڕۆیتەرز نێکست" سازکرابوو، گوتێرێس گوتارێکی پێشکەش کرد.
لە گوتارەکەیدا گوتێرێس باسی لەوە کرد پێویستە حەماس بە پەلە و بەبێ مەرج دیلەکانی ژێر دەستی ئازاد بکات، ئەوەیشی خستەڕوو کە لەو چوارچێوەیەدا لەگەڵ وڵاتانی کاریگەری وەک قەتەر لە پەیوەندیدایە.
گوتێرێس ئاماژەی بەوە کرد کە گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بە غەززە گرنگە و، پێشتر لە ڕۆژێکدا ٥٠٠ بارهەڵگری هاوکاری چووەتە ناوەوە، بەڵام لە ئێستادا تەنیا ٦٣٠ بارهەڵگر لە ١٨ ڕۆژدا چوونەتە ناوەوە و، گوتی: "تا ئێستا کەمترین هاوکاری دەستەبەر کراوە و زۆر درەنگ کەوتووین".
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، دووپاتی کردەوە کە هێشتا ڕێگە بە چوونە ناوەوەی سووتەمەنی نەدراوە بۆ غەززە و، دابینکردنی ئاو و کارەبا و دەرمان زۆر کێشەدارە.
گوتیشی: "دۆخی مرۆیی لە غەززە کارەساتبارە و پێویستە هەموو لایەنەکان ڕێز لە یاسای مرۆیی نێودەوڵەتیی بگرن".
گوتێرێس ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵانە ڕاپۆرتێک لەبارەی ئەو منداڵانە بڵاودەکاتەوە کە لە شەڕ و پێکدادانەکاندا گیانلەدەست دەدەن و گوتی: "ژمارەی ئەو منداڵانەی لە شەڕ و پێکدادانەکانی یەک ساڵدا دەکوژران بە سەدان لەقەڵەم دەدرا، بەڵام لە ماوەیەکی کورتدا لە غەززە هەزاران منداڵ کوژراون. ڕوون و ئاشکرایە لە شێوازی سەربازیی (ئیسرائیل)دا هەڵەیەک هەیە".