Rewa Mahmut Hasan
06 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 06 کانوونی یەکەم 2015
سەرۆكی ئەمریكا، باراك ئۆباما لەبارەی هێرشەكەی ویلایەتی كالیفۆرنیاوە كە كوژرانی ١٤ كەسی لێ كەوتەوە، بەڵێنی ئەوەی دا كە پۆلیسی فیدراڵی هۆكاری ئەنجام دانی هێرشەكە ئاشكرا دەكات.
ئۆباما لەمیانی گوتاری هەفتانەی خۆیدا، ئاماژەی بە هێرشەكەی چەند رۆژی رابردووی شاری سان بەرناردینۆ كرد و رایگەیاند كە رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە ئەمریكا و تەواوی جیهاندا هەوڵ دەدات ئەو كەسانەی كە لایەنگیری توندوتیژین بخاتە نێو ریزەكانی خۆیەوە و ئاشكرای كرد كە كەسانی توندڕەو هێرشەكەی سان بەرناردینۆیان ئەنجام داوە.
ئۆباما جەختی كردەوە كە كۆمەڵگە و هێزەكانی ئەمنی و حكوومەت، دەبێت پێكەوە رووبەڕووی تیرۆری و ئایدۆلۆجیای توندڕەویی ببنەوە.
سەرۆكی ئەمریكا راشیگەیاند كە تا ئێستا هێزەكانی ئەمنی هیچ بەڵگەیەكیان لەسەر سەید رەزوان فاروق و تاشفین مالیك-ی هاوسەری كە ئەنجامدەری هێرشەكەن، بەدەست نەكەوتووە كە دەری بخات سەر بە رێكخراوێكی تیرۆریستین.
پێشتر سەید رەزوان فاروق و هاوسەرەكەی تاشفین مالیك هێرشێكی چەكداریان كردە سەر ناوەندێكی خزمەتگوزاری كۆمەڵایەتی لە شاری سان بەرناردینۆی ویلایەتی كالیفۆرنیا باشووری رۆژئاوای ئەمریكا و بەهۆیەوە ١٤ كەس كوژران. دوای رووداوەكەش ئەنجامدەرانی هەڵاتن و لەمیانی پێكدادانێكیان لەگەڵ پۆلیسدا لەناو ئۆتۆمبێلەكانیاندا كوژران.